سەردێڕ:

عێراق ٤١ فڕۆکەی سەربازی لە ئەمریکا دەکڕێت

AM:09:26:17/04/2024

7164 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی عێراق ئاشکرایکرد، عێراق رێککەوتنێکی لەگەڵ ئەمریکادا واژۆ کردووە بە مەبەستی کڕینی ٤١ فڕۆکەی سەربازی.


باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق بە تۆڕی "سی ئێن بی سی عەرەبی" راگەیاندووە، دوای چاوپێکەوتنەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمریکا، گرێبەستەکە واژۆ کراوە.

وتیشی، بەشێک لەو فڕۆکانە بە پلان و رێگایەکی گونجاو لەلایەن عێراقەوە پارەکەیان دەدرێت و بەشێکیشیان ئەمریکا بە دیاری پێشکەشی عێراقی دەکات.

ئەو وتەبێژە جەختی لەوەشکردەوە، لەماوەی چەند مانگێکی کەمدا فڕۆکەکان دەگەیەنرێنە دەستی عێراق و هێڵێکی بەرهەمهێنانی تایبەتیش بۆ عێراق دەکریتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە، عەوادی ئەوەی خستووەتە روو، رێککەوتوون لەسەر ئەوەی لە کۆتایی ئەمساڵدا کۆتایی بە کارکردن لەسەر پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی گواستنەوەی دەرەکی بهێنرێت، بەمەبەستی پشت بەستن بە بانکە مۆڵەتپێدراوەکانی عێراق و ڕێکخستنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بانکە بیانییەکان.

وتیشی، هەر لە کۆبوونەوەکەی سودانی و جۆو بایدندا پرسی هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر بەشێک لە بانکەکانی عێراق و کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تاوتوێ کراوە.

دوێنێش، لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هەماهەنگی نێوان عێراق و ئەمریکادا هەردوولا پابەندی خۆیان دوپاتکردەوە بۆ بە بەردەوامیدان بە چاکسازی دارایی لە عێراق و بڕیاریاندا هاوکارییە داراییەکان و هاوکارییەکانی دیکەی نێوان هەردوو وڵات زیاتر بکەن.

سەرەتای ئەم هەفتەیە لەسەر بەنگهێشتی جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمریکا و بە سەردانێکی فەرمی، محەمەد شیاع سودانی گەیشتە واشنتۆن و لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکادا کۆبووەوە.













گەلەری