سەردێڕ:

کەی لیستی مووچەی مانگی سێ بڵاو دەکرێتەوە؟

PM:08:28:04/04/2024

5360 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، وەزارەتی دارایی پلانیان هەیە تا پێش جەژن مووچەی مانگی سێش دابەش بکەن، بەڵام ئەگەر فریا نەکەون لە جەژنیشدا مووچە دابەش دەکەن. دەشڵێت، "شەممە یان یەکشەممە لیستی مووچە بڵاو دەکرێتەوە".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەمەد زراری بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی باسی لەوە کرد، وەزارەتی دارایی پلانیان هەیە، تاوەکو جەژن مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان دابەش بکەن.

باسی لەوەش کرد، پلان هەیە تا یەکشەممە سەرجەم وەزارەتەکان پارەدار بکرێن و رۆژی شەممە یان یەکشەممە لیستی دابەشکردنی مووچەی مانگی سێ دەست پێ بکەن و پێش جەژن کۆتایی بە دابەشکردنی مووچە بهێنن.

ئەوەشی خستە روو، ئاڕاستەیان بەو جۆرەیە لەمەودوا چاوەڕێی ئەوە نەکەن بەغدا هەموو پارەکە بنیرێت، بەڵکو ئەو وەزارەتانەی کە پارەدار کراون مووچەکانیان وەردەگرن بێ چاوەڕێکردنی وەزارەتەکانی دیکە.

دەشڵێت، "کێشەی هاتنی پارە لە بەغداوە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەرەو چارەسەر بوون چووە و هیوادارین جارێکی دیکە پرسی مووچە نەبێتەوە کێشە".

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ چاوگێک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ١٣٠ ملیار دینار بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی سێ خراوەتە سەر هەژماری هەرێم. وتیشی، " پێش جەژن دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکەین".

هاوکات، وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، لەسەر داوای محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بە رەزامەندی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و بە هاوتەریبی لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بڕیاریان دا پارەی مووچەی مانگی سێ بۆ هەرێم بنێرن.













گەلەری