PM:05:45:01/03/2024
1272 جار خوێندراوەتەوە
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، لەپێناو پاراستنی تەندروستی هاوڵاتییان و هەروەها پاراستنی ئاژەڵانی ناوخۆیی وڵات لە توشبوون بە نەخۆشی، هاوردەکردنی ئاژەڵ و گۆشتی سووریان مەرجدار کردووە بەوپێیەی تەنها لەو وڵاتانەوە هاوردە دەکرێن کە لە کاتی هەناردەکردندا رەچاوی تەندروستی بکەن.
ئەمڕۆ هەینی، محەمەد خەزاعی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، لە کاتی هاوردەکردنی گۆشتی سوور یاخود ئاژەڵ لە هەر وڵاتێكەوە پێویستە ئەو وڵاتە ئەندامی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بێت و لە کاتی گەیشتنی ئەو گۆشت و ئاژەڵانەدا لەلایەن لیژنەیەکی پزیشکی تایبەتەوە پشکنینیان بۆ دەکرێت لەپێناو دڵنیا بوون لەوەی ئەو بەرهەمانە دوورن لە نەخۆشی.
ئاماژەی بەوەش کرد، مەرجێکی دیکەش پێویستە ئەو وڵاتە ئەندامی
رێکخراوی تەندروستی جیهانی بێت و لە ئەگەری ئەندام نەبوونی ئەو وڵاتە تیمەکانی تەندروستی
ڤێرتێرنەری دەچنە ئەو وڵاتە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی ورد.
ئەوەشی خستە روو، دوای ئەوەی رەزامەندی هاوردەکردن دەدرێت
و ئاژەڵ یاخود گۆشتەکان دەگەنە سنووری عێراق، لەلایەن لیژنەی پزیشکی تایبەتمەندەوە
پشکنینی ئاژەڵ و گۆشتەکان دەکرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە دوورن لە هەر نەخۆشییەکی پەتا.
ئەوەش لەدوای ئەوە دێت، رۆژی ٢٩ـی مانگی شوبات وەزارەتی
کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور، رەزامەندیان دەربڕیوە
لەسەر هاوردەکردنی ١٧ هەزار سەر گوێرەکە بۆ عێراق.