سەردێڕ:

هندستان کەشتییەک بۆ لێکۆڵینەوە لە خۆر رەوانەی ئاسمان دەکات

PM:03:08:02/09/2023

2856 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە هندستان کەشتییەکی ئاسمانی بە ناوی 'ئادیتیا-ل١' بۆ لێکۆڵینەوە لە خۆر رەوانەی بۆشایی ئاسمان بکات، ئەمەش پاش هەفتەیەک لە نیشتنەوەی کەشتی ئاسمانی ئەو وڵاتە دێت بەسەرکەوتوویی لەسەر ڕووی جەمسەری باشووری مانگ بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە بوونی ئاو لەو ناوچەیەدا.


ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، کەشتی ئاسمانی ئادیتیا-ل١ هەڵگری ئامێرێکی زانستییە بۆ لێکۆڵینەوە لە چینەکانی دەرەوەی خۆر و ماوەی گەشتەکەی چوار مانگ دەخایەنێت تا دەگاتە شوێنی مەبەست.
ئاماژە بەوەشکراوە، کەشتییە ئاسمانییەکە لێکۆڵینەوە لە دیاردەیەکی خولی خۆر دەکات کە دەبێتە هۆی دەردانی وزەی موگناتیسی لە بەرگەهەوای خۆرەوە کە کاریگەری لەسەر مانگە دەستکردەکان دروست دەکات، ئەمەش یەکەمین کەشتی ئاسمانی هندستان دەبێت کە لێکۆڵینەوە لە خۆر بکات.

لە ماوەی رابردووشدا، هندستان بە هاوکاری ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا "ناسا" و ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا توانیان ئەستێرەیەکی تیشکدەری کۆمەڵەی خۆر بدۆزنەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، هەفتەی ڕابردوو هندستان بووە چوارەم وڵات لەدوای ڕووسیا و ئەمریکا و چین کە سەرکەوتوو بووە لە نیشتنەوەی کەشتی ئاسمانی چاندرا-٣ لەسەر ڕووی مانگ، کە تێچووەکەی زیاتر لە ٧٥ ملیۆن دۆلاربو.













گەلەری