سەردێڕ:

بانکی ناوەندیی عێراق بەنیازە دراوێکی نوێ بخاتە بازاڕەوە

AM:11:06:27/09/2022

105832 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندیی عێراقی رایگەیاند، دراوێکی کاغەزی نوێی عێراقی دەخاتە بازاڕەوە کە بەهاکەی ٢٠ هەزار دینارە و ئاماژەی بەوەشکردووە، بە هیچ جۆرێک بەنیاز نین گۆڕانکاری لە بەهای دینار بەرامبەر دۆلاردا بکەن.


بانکی ناوەندی عێراق باسی لە دروستکردن و خستنەبازاڕی دراوێکی کاغەزی نوێی ٢٠ هەزار دیناری دەکات و دەشڵێت، "لابردنی سفرەکانی سەر دراوی عێراقی پێویستی بە سەقامگیری و ئابورییەکی بەهێز هەیە."

مستەفا غالب مخیف، سەرۆکی بانکی ناوەندی عێراق لە دیداری رافیدەیندا ئاماژەی بەوەکرد، بانکی ناوەندی بەنیازی کەمکردنەوە یاخود ئەنجامدانی گۆڕانکاری نییە لە بەهای دۆلاردا و لە ئێستادا عێراق لەقۆناغی یەکەمی گۆڕانکارییەکانی بەهای دراو دایە و هەندێک گرفت هەن لەداهاتوودا کاریان لەسەر دەکەین.

وتیشی، "پێشتر پرۆژە یاسایەک بە مەبەستی لابردنی سفرەکانی دیناری عێراقی پێشکەشکراوە و ئەمەش پێویستی بە پرۆژەیاسایەک هەیە هەتا بتوانرێت گۆڕانکارییەکان ئەنجام بدرێن، بۆ ئەوەی یاساکەش دەربچێت پێویستمان بە سەقامگیری بارودۆخی وڵات و ئابوورییەکەی هەیە."

باسی لەوەشکردووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا خستنە بازاڕی دراوە نوێیە ٢٠ هەزار دینارییەکە رادەگەیەنین و بانکی ناوەندی هەڵدەستێت بە کەمکردنەوەی نرخی سوودەکان لەپێناو گەشەپێدانی پرۆژەکاندا، و بەتایبەتیش پرۆژە و یەکەکەنی نیشتەجێبوون کە رێژەی ٣٠٪ی پارەی تەرخانکراویان پێدەدرێت."

هاوکات، "بانکی ناوەندی لەپێناو بەرەوپێشتربردن وباشترکردنی دۆخی داراییدا چەندین پلانی داناوە لەوانەش کەمکردنەوەی سوود و وەرگرتنی بڕێکی کەم لە باجەکان لە پێناو گەشەپێدان و بەرەوپێشەوەبردنی پرۆژەکانی پیشەسازی و دابینکردن و دروستکردنی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و بواری کشتوکاڵی."
ل.ل

 













گەلەری