سەردێڕ:

کاردانەوە نێودەوڵەتییەکانی هێرشەکەی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان

PM:05:26:21/07/2022

9852 جار خوێندراوەتەوە

لە راگەیاندراوێکدا پەڕلەمانی عێراق ئیدانەی توندی هێرشەکەی تورکیا دەکات بۆسەر هەرێمی کوردستان کە بوو بەهۆی کوژران و برینداربوونی هاوڵاتیانی مەدەنی.


لە راگەیانراوەکەدا هێرشەکە بە پێشێلکاری و بەزاندنی ڕوونی سەروەری خاک و ئاسمان و سنووری عێراق و شکاندنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوزەند کراوە.

پەڕلەمانی عێراق پشتگیری خۆی بۆ سەرۆکایەتی کۆماری عێراق دەربڕیوە لە هەر هەوڵێک بۆ بەرگریکردن لەپێناو پاراستنی سەروەری وڵات و هاوڵاتیانیدا، داواش لەتورکیا دەکات کۆتایی بە هێرشە دوژمنکارانەکانی بهێنێت.

هەر لەمیانی کاردانەوەی هێرشەکەدا کۆمکاری عەرەبی لای خۆیەوە سەرکۆنەی هێرشەکە دەکات. ئەمڕۆ پێنجشەممە جمال ڕەشید وتەبێژی فەرمی سەرۆکی کۆمکارەکە ڕایگەیاند، بەتوندی دژی هەرجۆرە هێرشێکی تورکیایە کە سەروەری خاکی عێراق پێشێل بکات و سنوورەکانی ببەزێنێت و هەر کارێکی لەمشێوەیەش لەچوارچێوەی شکاندنی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا دەبیننەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆمکارەکە پشتیوانی خۆی بۆ عێراق دەردەبڕێت و سەرکۆنەی دەستدرێژی و سنووربەزێنییەکانی تورکیا دەکات بۆسەر عێراق و هەر وڵاتێکی دیکە."

هەرچی دەربارەی ئێرانە وەک هەردەوڵەتێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی سەرکۆنەی ڕووداوەکە دەکات و لەزاری وتەبێژ ناسر کەنعانی و بەناوی وەزارەتی دەرەوە دەڵێت، "کۆماری ئیسلامی ئێران سەرزەنشتی پەلامارەکەی تورکیا دەکات بۆسەر ناوچە مەدەنی و گەشتیارییەکان کە بووە بەهۆی شەهیدبوون و برینداربوونی هاوڵاتیانی مەدەنی و هاوخەمی خۆیان دەردەبڕن بۆ قوربانیانی ڕووداوەکە و حکومەتی عێراق و گەلی عێراقیش."

لەدرێژەی قسەکانیدا وتووشییەتی، "ئێران جەخت لە گرنگی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق دەکاتەوە و پشتگیری خۆی لەڕووی هاوکاری و یارمەتیدانی لەپێناو بەرەوپێشەوەچوونی عێڕاقدا دووپات دەکاتەوە."

میسریش یەکێکی دیکەیە لەو دەوڵەتانەی هێرشەکەی تورکیا هێنایە سەرخەت و لەڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە کە دەڵێت، "میسر بەتوندی سەرکۆنەی ڕووداوەکە دەکات کە بەهۆیەوە چەندین هاوڵاتی مەدەنی بوون بە قوربانی و پشتگیری تەواوی خۆی بۆ سەروەری خاکی عێراق دەردەبڕێت و پەلامارەکەش بە کارێکی دوژمنکارانە ناوزەند دەکات و بە پێویستی دەزانێت تورکیا ڕێز لە سەروەری عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرێت و هاوڵاتیانی مەدەنی نەکات بە قوربانی."

هۆڵەندا یەکێکی دیکەیە لەو دەوڵەتانەی سەرزەنشتی رووداوەکە دەکات و پرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی خێزانی قوربانییەکان کرد کە بەهۆی هێرشەکەی ڕۆژی ڕابردووی تورکیاوە لە یەکێک لە ناوچە گەشتیارییەکانی نزیک زاخۆ کوژران و برینداربوون. هۆڵەندا ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەم جۆرە پەلامارانە نابێ ڕووبدەن."

دوێنێ چوارشەممە، فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی ناوچەیەکی گەشتیاری سنوری زاخۆیان کرد و بەهۆیەوە نۆ کەس گیانیان لەدەستدا و ٢٥ کەسی دیکە برینداربوون، کە زۆرینەیان گەشتیاری پارێزگاکانی دیکەی هەرێم بوون و روویان لەو ناوچەیە کردبوو.













گەلەری