سەردێڕ:

کازمی لەبارەی هێرشەکانی تورکیاوە: هیچ پاساوێکی ئەمنی بۆ ئەم جۆرە هێرشانە قبوڵناکەین

PM:08:16:20/07/2022

9204 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڵوێستی خۆی لەبارەی هێرشەکانی تورکیاوە ئاشکراکردووە و رایگەیاند، عێراق مافی وەڵامدانەوە و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی تورکیای هەیە و بە پێشێلکارییەکی زەق ناویدەبات. دەشڵێت، هیچ پاساوێکی ئەمنی بۆ ئەو هێرشانە قبوڵناکەن.


مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، "ئەمڕۆ چوارشەممە دووبارە هێزەکانی تورکیا پێشێلکارییەکی زەق و ئاشکرایان لە دژی سەروەریی عێراق و ژیان و ئارامی هاوڵاتییانی عێراق ئەنجامدا."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم دەستدرێژییە دڕندەیە دەیسەلمێنێت تورکیا بەهیچ شێوەیەک گوێی بە داواکارییە بەردەوامەکانی عێراق نەداوە بۆ راگرتنی پێشێلکارییە سەربازییەکانیان بۆ سەر خاکی عێراق و ژیانی هاوڵاتییان."

دەشڵێت، "عێراق هەمیشە پابەندی بنەماکانی سیاسەتی دراوسێی باش بووە و بەردەوام رەتیکردووە و قبووڵی نەکردووە هیچ لایەنێک خاکەکەی بەکاربهێنێت بۆ دەستدرێژیکردنە سەر دراوسێکانی، هەموو جۆرە پاساوێکی ئەمنی رەتدەکاتەوە کە دەبنە مایەی هێرشکردنە سەر هاوڵاتییان و دەستدرێژیکردنە سەر خاکی عێراق، ئەم هەڵوێستە پێشێلکردنی بنەماکانی دراوسێی باش و گوێنەدانە بە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندیی و هاوئاهەنگییە هاوبەشەکان." لەکاتێکدایە، حکومەتی هەرێم ئاماژە بەوە دەکات، تورکیا بە بیانووی بوونی چەکدارانی پەکەکە لەو ناوچانە ئەو هێرشانە ئەنجامدەدات.

مستەفا کازمی راشیگەیاندووە، "عێراق مافی وەڵامدانەوە و بەرپەرچدانەوەی تەواوی هەیە بۆ هەر جۆرە دەستدرێژییەک و هەموو جۆرە کردار و رێکارێکی پێویست لەخۆ دەگرێت بۆ پاراستنی گەلی عێراق و بەرپرسیارێتیی خستنە سەرشانی لایەنی دەستدرێژیکار بۆ سەرجەم لێکەوتەکانی هەڵکشانی گرژیی بەردەوام."

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی هاوینەهەواری پەرەخێیان کرد لە سنوری زاخۆ و بەهۆیەوە نۆ کەس گیانیان لەدەستدا و ٢٥ کەسی دیکە بریندار بوون.

هـ.ئـ














گەلەری