جۆن سینا کۆتا یاری خۆی لە جیهانی زۆرانبازی ئەنجامدا و پاش
23 ساڵ خانەنشین بوو.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە لە یاریگای کاپیتال یەک لە
واشنتۆن دی سی، ئەفسانەی زۆرانبازی، جۆن سینا کۆتا یاری خۆی لە وەرزشەکەدا کرد و بەیەکجاری
وازهێنانی لە یاریکردن راگەیاند.
لە یارییەکەدا ئەفسانەکەی زۆرانبازی بەرامبەر گوانتەر
شکستی هێنا، ئەم شکستهێنانەش وەک نەریتێک وایە، چونکە هەر یاریزانێکی زۆرانبازی واز
لە وەرزشەکە بهێنێت کۆتا یاری تووشی شکست دەبێت ئەویش وەک هێمایەک بۆ کردنەوەی
رێگا بۆ نەوەی نوێ.
بەڵام هاندەرانی یاریزانەکە بەبێ گوێدانە ئەو نەریتە بە
شێوەیەکی قوڵ رەخنەیان لە بەڕێوبەرانی یارییەکە گرت و هەموویان تێکرا هاواریان
دەکرد دەبوو کۆتا یاری جۆن لە هەمووان جیاواز بێت و بردنەوە بەدەستبهێنێت.
پاش کۆتایی هاتنی یارییەکەش، بەشێک لە پاڵەوانەکانی زۆرانبازی
بازنەیەکی رێزلێنانیان بۆ جۆن سینا رێکخست کە ماوەی 23 ساڵ خزمەتی وەرزشەکەی کرد.
جۆن
لە ئێستادا تەمەنی 48 ساڵە و وەک یەکێک لە باشترین زۆرانبازەکانی مێژوو هەمیشە
یاددەکرێتەوە کە چەندین پاڵەوانێتی یارییەکەی بەدەستهیناوە، پاش وازهێنانیشی لە
یارییەکە درێژە بە کاری ئەکتەری دەدات لە سینەمادا کە لە ماوەی رابردوو بە تەواوی
خۆی بۆ تەرخانکردبوو...