سەردێڕ:

چۆن شێرپەنجەى مووچە چارەسەر دەکرێت؟

PM:01:38:19/08/2024
4912 جار خوێندراوەتەوە
خالید عەبدولکەریم
+ -

بە ئاشکرا و بێ پەردە، حکومەتى کاربەڕێکەرى پارتى و یەکێتى کێشە بۆ بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵى دروست دەکەن لەسەر پرسى مووچە و زۆربەى ئەو بڕیارانەى کە بەم دوایانە لە بەرژەوەندىی توێژى مووچەخۆرانى هەرێمدا دەرکران، ئەوەش دواى هەوڵە پەرلەمانییەکەى نەوەى نوێ و خۆپیشاندانەکانى مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى.

بۆ ناردنى مووچەى مانگى تەمموز کێشەکان تەقینەوە، بەغدا سەرجەم ئەو هۆشداریانەى کە پێشتر بە بەرپرسانى هەرێمى دابوو جێبەجێیان دەکات، بەوەش کێشە بۆ موەچە دروست بوو، تا ئێستاش دیار نییە چۆن چارەسەر دەکرێت، ئەوەى زانراوە، پێشتر وەزارەتى دارایى عێراقى داواى لە بەرپرسانى هەرێم کردبوو، گەر بێتوو بڕیارەکان بۆ بەبانکیکردنی مووچە و رادەستکردنى داهاتى ناوخۆى بەپێى یاسایى بودجە و یاساى بەڕێوەبردنى کارگێڕى عێراقى و ئەو رێنماییانەى کە وەزارەتى دارایى بۆ لیستى مووچە و راژەى فەرمانبەران و چەندین پابەندى تر جێبەجێ نەکات، ئەوا کێشە بۆ مووچەى مانگەکانى تەمموز و ئاب دروست دەبێت.

بەڵام لە بەرامبەردا، هەرێم نەک رێنماىی و بڕیارەکانى جێبەجێ نەکرد، بەڵکو لە ماوەیەکى کەمدا پارەى لیستى مووچەى بۆ ئاستێکى خەیاڵى بۆ زیاتر لە تریلیۆنێک دینار بەرز کردەوە، بێ ئەوەى دەرچووى نوێ دابمەزرێنێت یاخود پلانێکى ستراتیژى رابگەیەنێت.

ئێستا بەغدا تێگەیشتووە، بەرپرسانى پارتى و یەکێتى نایانەوێت بڕیارەکان جێبەجێ بکەن، خۆیان دەدزنەوە و خەڵکى سەرقاڵ دەکەن، دەستى دەستى بە بەغداش دەکەن، هەر بۆیە جۆرە بیروباوەڕێک لەلاى شیعەکانیش دروست بووە و چاوەڕوانى گۆڕانکارى ریشەىی دەکرێت لەدواى ٢٠ـی ئۆکتۆبەرەوە لە هەرێم بێتە دی، بۆ ئەوەى حکومەتێک پێک بهێنرێت کە نەوەى نوێ رابەرایەتى بکات و سەرجەم ئەو رێککەوتنانە جێبەجێ بکرێن لەسەر نەوت و مووچە و داهاتى ناوخۆ، بۆ ئەوەى بە یەکجارەکى ئەم کێشە و قەیرانە دروستکراوانە بە لایەکدا بخرێن، هەم بەغداش لەم یارییە رزگارى ببێت، هەمیش هاوڵاتىیانی هەرێم و مووچەخۆران کۆتایى بەو مێژووە خراپە بهێنن کە ئەم دوو حزبە بەسەریاندا هێناون.

گەلەری