کەرامەتشکاندن بەردەوامە!
PM:08:03:10/07/2024
4164 جار خوێندراوەتەوە
بەهرۆز حاجی
+
-
نەبووە و ناکرێت، نموونەی حکومڕانی یەکێتی و پارتی هێندە بێباک و نەبیست بێت
بەرامبەر خەڵکی وڵاتی خۆی، ئاخر چینێک لە سێ مانگدا یەک مووچە وەربگرێت و توڕەیی و
نیگەرانی وەزارەتی دارایی عێراق بگەیەنێت
بە ئاستێک هەڕەشەی لێپرسینەوە و چوونە بەردەم یاسات لێ بکات، ئەوپەڕی شکست و رسواییە
لەسەر کردارەکانت و ئەوپەڕی هەستنەکردنە بە بەرپرسیارێتی کە چەندین ساڵە لەسەری بەردەوامن!
ئەو لەبەغدادەوە پێت دەڵێت، تەمەن سی ساڵت بە پلەی وەزیر و لیوا خانەشین
کردووە، ناوی دووبارەت هەیە، لەشکری رۆژی سوری لەسەر سکی مووچەخۆری تر بەکاردێنی بۆ
مەرامی حزبی خۆت، کەچی ئەمانیش وەک ئەوەی نە بایان دیبێت نە باران، هەر چوارشەممە
جارێک کۆبوونەوەیەک ساز دەکەن و دوای رەتڵێک لە خواردنەوەی ئاو و قاوەی تورکی، بەدەم
پێکەنینەوە، ئەنجامەکەی بە بڵاوکراوەیەکی چەلەحانێی ئەو رۆژەی نێوانیان کۆتایی دێت
و دەڵێن، هەرچی زووە دەبێت حکومەتی فیدراڵ مووچەی مانگی فڵان و فیساری هێزە ئەمنییەکان
و فڵانە وەزارەت خەرج بکات!
سەیرەکە لەوەدایە، هەفتە نییە، نوسراوێک لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە لەسەر
ئەو کەموکوڕییانەی نێو لیستی مووچەیان بۆ دەستنیشان نەکرێت و داوای چاککردنی نەکەن،
کەچی ئەمان لەڕێی پەیجێکی خۆیانەوە، رەتڵێک لە پرتەو بۆڵە، کە بەس لە سیستەمی حوکمڕانی
ئەواندا بینراوە لە دونیادا، هەفتەیەکی تر دەخەنە سەر مانگە دوورودرێژەکەی حوکمڕانیان
و هەتا بتوانن زیاتر کەرامەتی خەڵکی ئەم هەرێمە دەهاڕن!