ڕاوى تارمايى
PM:08:38:28/09/2024
2428 جار خوێندراوەتەوە
ئەنوەر حسێن بازگر
+
-
كوشتنی حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا
لە لوبنان، گرنگترین هەواڵی میدیاكانی جیهانە لەلایەن ئیسرائیلەوە. ئەوەش بەدوای ئیسماعیل
هەنییە و قاسم سولەیمانی، سێ لێدانی گەورەیە لە پێگە و نفوزی ناوچەكانی (میحوەر).
ئیسرائیل بۆ وادەكات؟
بەدوای رووداوەكانی ٧ـی ئۆكتۆبەری شەڕی نێوان
حەماس و تەلئەڤیڤ لە غەززە، ناتانیاهۆی سەرۆك وەزیران بڕیاریدا شەڕ رانەگرێت تا بەدیهێنانی
ئامانجەكانی، غەززەی وێرانكرد و كەسی یەكەمی حەماسی لە ناو دڵی بەهێزترین دۆستی خۆی
(تاران) لە پرخەی خەودا تیرۆركرد.
بەوەوە نەوەستا، هێرشی بۆسەر سەفارەتی ئێران
لە سووریا و كوشتنی سەدان بەرپرسی ئەمنی و عەسكەری (حزبوڵڵا، حەماس، جیهاد، لە
سووریا، فەڵەستین و لوبنان).
دواترینیش تەقاندنەوەی هەزاران ئامێری پەیوەندی
(پەيجەر و ئۆكيتۆكى) حزبوڵڵا بوو، كە بوو بە هۆى كوشتن و برینداربوونی سێ هەزار كەس.
شەوی رابردووش كوشتنی بەهێزترین كارەكتەری شیعی-ئێرانى-لوبنانى،
كە گەورەترین مەترسی بوو لەسەر ئیسرائیل.
نەسروڵڵا-حزبوڵڵا، حكومەتی ئەمنی و عەسكەری
سێبەری بەیرووت بوون، نەك حزبێكی ئاسایی. ئەوان سێبەری تاران بوون لە لوبنان و هەڕەشەی
گەورەبوون لە سنووری ئیسرائیل.
ئەوەی كە ئیسرائیل بۆ وادەكات! چەند فاكتەر
هەن:
یەكەم: دۆست و میحوەرەكانی ئێران بەتایبەتی رووسیا،
سەرقاڵی شەڕی ئۆكرانیایە و چاوپۆشی لە هێرشەكانی ئیسرائیل دەكات.
دوەم: واشنتۆن و یەكێتی ئەوروپا، ناڕاستەوخۆ،
سیاسی و ئەمنی، هەواڵگری، ماددی، سەربازیی پشتیوانی تەلئەڤیڤن، بەڵام دەڵێن:
"ناتانیاهۆمان پێ راناگیرێت..."، بەڵام ئەوە هەقیقەتی بابەتەكە نییە و شەڕی
ئەوان دەكات لەگەڵ تاران.
سێیەم: تەلئەڤیڤ تێگەیشتووە و سیگناڵەكانی
تارانی خوێندووەتەوە كە بەهیچ جۆرێك نایەوێت بچێتە شەڕی راستەخۆی ئیسرائیلەوە،
چونكە رادەكێشرێت بۆ شەڕی بەرنامە بۆ داڕێژراوی چەند ساڵەی ئەمریكا و ئەوروپا. ئیسرائیل
كاتێ لەوە تێگەیشت كە ئێران لە كوشتنی هەنییە لە ماڵەكەی خۆی نەهاتە جواب، ئەوە دەزانێت
كە لە باشووری لوبنان پێناچێت لەسەر نەسروڵلا وەڵامێكى هەبێت، وە رەنگە هێرشەكانيشى
لە باشوورى لوبنان هاوشێوەى وێرانكردنى غەززە بێت و پەلامارى ناوبەناوى حەشدى شەعبى
بدات و لە سورياش شەڕانیتر دەركەوێت.
چوارەم: ئەم هێرش و تيرۆرانەى تەلئەڤيڤ لەم
ساتەدا هاوكاتە لەگەڵ دەستبەكاربوونى پزيشكيانى ميانڕەوى ريفۆرمخواز، كە لە هەوڵى
لابردنى گەمارۆكانى سەر وڵاتەكەى و باشتركردنى پەيوەندييەكانى لەگەڵ ئەمريكا و ئەوروپادايە،
بەمەبەستى دەربازبوونى تارانە لە قەيرانەكان.
مێژووی تیرۆری سەركردەی سیاسی، پەرلەمانتار
و رۆژنامەنووسی لوبنان، مێژووی خوێناوی دوورودرێژى هەيە.
(١٦/٣/١٩٧٧) تیرۆركردنی كەمال جۆنبوڵات، (٣/٨/١٩٧٧)تیرۆری سەید موسا سەدر لە لیبیا، (١٤/٩/١٩٨٢)
تیرۆركردنی بەشیر جەمیل، (١/٧/١٩٨٧) تیرۆركردنی رەشید كەرامی سەرۆك وەزیران، تیرۆری
سەمیر قەسیر، جۆرج حاوی، وەلید عیدۆ پەرلەمانتار، بیار ئەمین جەميل وەزیر، ئەنتوان
غانمی پەرلەمانتار، (٢٠٠٥) تیرۆركردنی (رەفیق حەریری...).
واتا بەیروت، هەمیشە مەیدانی شەڕ و تەراتێنی
نێوان (ئیسرائیل، تاران، دیمەشق، فەڕەنسا، ئەمریكا) بووە، بەڵام دەركەوتنی حزبوڵڵا لە (١٩٨٢) بە دروشمی [یەكبوونی ئیسلامی، دوژمنایەتی ئیسرائیل، بەهێزكردنی جیهادی شیعەكان،
دوژمنایەتی خۆرئاوا و ئەمریكا، لە پاڵ هاوپەیمانەكانی (بزوتنەوەى ئەمەلى شیعی، حوسییەكان،
حەماس، حەشدی شەعبی و بەرەی پۆلیساریۆ،...)].
نەسروڵڵا وەكو كەسایەتییەكی شیعی دەورونەخشی
زۆری هەبوو لە بەهێزكردنی پێگە و نفوزی تاران لە لوبنان، هەربۆیە دەیووت؛ "من
تەنها سەر بۆ خوا و خامنەئی دادەنەوێنم و هیچ كەسی تر".
ئەمە وایكرد حزبوڵڵا- بودجەی ساڵانەی یەك ملیار
دۆلارى هەبێت و ببێتە خاوەنی زیاتر لە ٢٠ هەزار سەرباز و خاوەنی ٥٠ هەزار مووشەكی
گەورە و بچووك و هەراسانكردنى ئيسرائيل و باسكى بەهێزى هيلالى شيعى.
بە كوشتنی نەسروڵڵا، ناتانیاهۆ بووەتە پاڵەوانی
جەنگی گروپە دژ بەرەكانى و مێژووى گەنجێتی خۆی بۆ جولەكەكان نوێكردەوە كە دەیووت؛
"هەر كەس لە هەر كوێی دونیا بێت، دژی جولەكە و ئیسرائیل بێت، لێی خۆش نابم".
بە كوشتنی نەسروڵڵا، سەردەمێكی نوێ لە هاوكێشە
سیاسییەكانی ناوچەكە و ململانێكانی تەلئەڤیڤ و هاوپەيمانەكانى، میحوەر و هاوپەيمانەكانى
پێكدێت و رەنگە دواین ئامانجی دەستنیشانكراوى داهاتووى ئيسرائيل وەكو سەركەوتنێكى دیکە،
لەسەر مێزی موساد تاوتوێ بكرێت.
ئەم رووداوە خێرايانە لە ناوچەكە پێدەچێت بە
ئاڵوگۆڕى گەورە پێ بنێتە ساڵى نوێ، گرنگ ئەوەيە كورد لە كوێى ئەم رووداوانەدايە،
كە دەتوانێت بەشێك بێت لە هاوكێشەكان.