مەترسییەکانی پەلاماردانی خێزانی کورد
PM:08:49:22/09/2022
4584 جار خوێندراوەتەوە
ئەبوبەکر کاروانی
+
-
پڕۆژەی
ھەموارکردنی یاسای توندوتیژی خێزانی لە پەڕلەمانی کوردستان مشت و مڕێکی زۆری بەدوای
خۆیدا ھێناوە. جارێکیتر بەشێ لەخودی یاساکەی
خستۆتەوە ژێر پرسیار. منیش دەخوازم بەم چەند خاڵەی خوارەوە، ھەڵوێستی خۆم لەم رووەوە دەربارەی مەترسییەکانی پەلاماردانی خێزانی کورد
لەبەرگی دژایەتیکردنی توندوتیژیی خێزانیدا،کورتبکەمەوە و بخەمە ڕوو:
١- خێزانی کورد ژێرخان و بونیادی
پاراستنی ناسنامەی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیی و ئایینی و نەتەوەیی گەلی کوردستانە. ھەروەھا
دوا قەڵای بەرگریکیردنە لە بەیەکگرتوو مانەوەی کۆمەڵگە، لە سایەی ئەو ھەموو ناکۆکی
و یەکتر رەتکردنەوە و نیمچە لێکھەڵوەشاوەییە سیاسییەی، دەمێکە بۆتە مۆرکی سیاسەتی
کوردی. ئەرکی مانەوە و بەرگری لە خۆکردنی کورد و گەلی کوردستانیش بە درێژایی مێژوو
قورساییەکەی لەسەر خێزان و بنەماڵە کوردی و کوردستانییەکان بووە.
٢- بنەرەت
ئەوەیە ئاین و ئەخلاق خێزان بەڕێوە بەرن و حوکمی ناوەوەی بکەن، نەك فیقھو یاسا.
کاتی خۆی محمد خاتەمی، سەرۆک کۆماری خوێندەواری پێشووی ئێران، لێیان پرسی فقھ لە
کوێی خێزانی ئێوەدایە؟ وەڵامێکی سەرنجڕاکێشی دایەوەو وتی: خێزانی ئێمە زۆر لەوە بەرزترە فقھ و قانون حوکمی
بکەن، خێزانی ئێمە ئەخلاق حوکمی دەکات. لە راستیشدا فقھ و قانون، حوکمی رووی دەرەوەی
خێزان و دۆخی دروستبوونی کێشە و ھەڵوەشانەوەی
خێزان دەکەن، نەك ناوەوەی. لێرەشەوە ھەر ھەوڵێك بۆ زیاد لە پێویست قەبەکردنی رۆڵی یاسا
لە ژیانی خێزاندا وەك ئەوەی لە ھەندێ بڕگەی ئەمیاسا و پڕۆژە ھەمووارەدا ھاتووە، ناچێتە خانەی بەرژەوەندی خێزان و ئەو رۆڵە
دەرونی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەی پێویستە بیگێڕێت، بەتایبەتیش لەکۆمەڵگەیەکدا،
کە ھێشتا دین و ئەخلاقی کۆمەڵایەتی تیایدا بەھێزبن، لەو سۆنگەوە کە قانوون ناتوانێت
جێگەی ئەوان بگرێتەوە، ھەر ھەوڵێکی لەو جۆرەش کێشە و قەیرانەکان قوڵتر دەکاتەوە. جگە لەوە زیاد لە پێویست دەستخستنە ناوخێزان لەلایەن
یاساو دادگاوە، لە ھەندێ رووەوە، یەکسانە بەجاڕدانی کۆتاییھاتنی خێزان وەك پانتاییەکی تایبەت و ئامێزێ بۆ
پشودان و ھەستکردن بە مامەڵەی ئەخلاقی، کەلە رێزگرتن و قوربانیدان و بەدەمەوە ھاتنی ئەندامانی خێزان بۆ یەکتردا بەرجەستە
دەبێت، چونکە داڕنینی خێزان لەم رەھەندە دەرونی و ئەخلاقییەی و نیشاندانی پەیوەندی
نێوان ئەندامەکانی وەك پەیوەندییەکی یاسایی مادیی بەرژەوەندیخوازانە، خێزان دەکات
بە بەشێك لە پانتایی گشتی و لە زۆرێ لە تایمەتدی و راز و خۆشەویستی و گەرم و گوڕی
بەتاڵی دەکاتەوە. بوونی کێشە لەبەشێ لە خێزانەکانیشدا پرسیار ناخاتە سەر رۆڵ و بەھاکانی
خێزان وەك دامەزراوەیەکی سروشتی و کۆمەڵایەتی، بەڵکو تیشك دەخاتە سەر ناکارایی و کێشەکانی
ئەوبەشەی کۆمەڵگە. بەشێ لەکێشە خێزانییەکانیش سەرچاوەکەیان خێزان و بەھاکانی نیە،
بەڵکو سەرچاوەی دەرەوەی خێزانییان ھەیەو خێزان لەو نێوەندەدا قوربانی دەرەوەی خۆی
وئەرک قورسبوونییەتی.
٣- بەش
بە حاڵی خۆم، نکۆڵی لە بوونی چەندین کێشە لەناوخێزان و لەوانەش کێشە لە پەیوەندی جنسی نێوان ژن و پیاو لەخێزانی کوردیدا
ناکەم، بەڵکو ئەوەی پێی لەسەردادەگرم، خۆماڵی بوونی چارەسەرەکان و ئەخلاقیبوونی پاڵنەر
و ئامانجەکانە لە دەستبردن بۆ پرسەکانی تایبەت بەخێزان. سەبارەت بەکێشەی ناھەما ھەنگی جنسیش لەنێوان ژن
و پیاودا، پێم وایە کێشەکە دوو سەرەیە و باسی ئەوە نیە وەك ئەنگڵز ئاماژەی پێکردووە
پیاو بۆرژوازی بێت و ژن پڕۆلیتاریا، واتە چۆن ژن تیایدا زەرەرمەندە و ھەندێ جار
باجی مەعنەوی دەدات، بەھەمان شێوە پیاویش زەرەرمەندە و دووچاری چەندین ئازاری دەروونی
و بۆشایی سۆزداری دەبێت. بەڵام چارەسەری ئەم کێشە بەوە ناکرێت پیاو بخرێتە ژێر
فشارەوە و تەنھا ژن بە قوربانی نیشان بدرێت و یاسا و دادگا پەلکێش بکرێن بۆ سەر جێگەی
خەوتن بەو جۆرەی لەیاساکەدا ھاتووە، بەڵکو بەوە دەبێت ژن و پیاو ھەر لە سەرەتاوە لەم
رووەوە لە چوارچێوەی ئیسلام و زانستی نوێدا
پەروەردە و رۆشنبیر بکرێن و فێر بکرێن چۆن دەتوانن پێویستییە ھاوبەشەکانییان پڕکەنەوە
و کار بۆ بەختەوەرکردنی یەکتر بکەن، ئەوەش بەم شێوازەی خوارەوە:
أ- ئەگەر کێشە و بۆشاییەکی یاسایی لە پێناسە و مەبەست لە ھاوسەرگیری لە نێوان دوو
رەگەزەکەدا لەئارادایە، بەم جۆرە دابڕێژرێتەوە؛ ( ھاوسەریری گرێبەستێکە لەنێوان دوو رەگەزەکە یاخود ژن و پیاو بە مەبەستی چێژبینینی ھاوبەشی جنسی لە یەکتر
و بەچە خستنەوە و درێژەدان بە مرۆڤایەتی و فەراھەمکردنی کەش و ھەوایەکی ئارام و میھرەبان
بۆ ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان).
ب- بە یاساییکردنی بەشداربوون لە کۆرسێکی تایبەت بە پەروەردەی خێزانی کە بەشێکی گرنگی بۆ
پەروەردەی جنسی تەرخانکرابێت بۆ دەستڕاگەیشتن بە گرێبەستی یاسایی ھاوسەرگیری لە
دادگا.
لەم رووەشەوە جگە لەزانستی نوێ، خودی ئیسلام
و بەھاو ئامۆژگاری و دەقەکانی دەتوانن خزمەتێکی
گەورەمان پێبکەن، چونکە جنسی نابەدڵ کێشەیەکی
ئیسلامیشەو قسەی تایبەت بەخۆشی لەسەر کردووە.
لەمچوارچێوەشدا چەندین دەق و رێسای ئیسلامیمان
ھەن، لەوانەش:
*نابێت پەیوەندی جنسی دژ بە خۆشەویستی و میھرەبانی
ھاوسەری بێت، بەو جۆرەی قورئان دیاریکردووە. بەحوکمی ئەوەی مەوەدە و رەحمەت، وەك
دوو بەھاو مەبەست لەژیانی خێزانی نێوان ژن و پیاو، حوکمی کۆی پەیوەندییە خێزانییەکان
و لەوانەش پەیوەندی جنسی دەکەن.
*فەرموودەی
پێغەمبەر(د.خ) کە قەدەغەی دەکات پیاو ئازاری ھاوسەرەکەی بدات و دوای ئەوە داوای پەیوەندی
جنسی لێبکات. ھەروەھا نەھی کردووە لەوەی پیاو پێش ھەندێ پێشەکی و سازاندنی کەش و ھەوای
دەرونی و بایۆلۆژی بۆ ژن، جنس لەگەڵ ھاوسەرەکەیدا بکات. ئەم پرسەشی ئەوەندە بە
توندی گرتووە جنسێکردنی بێ پێشەکی لەلایەن
پیاوەوە، بە جنسکردنی گوێدرێژ چواندووە.
٤- بەشێ
لەیاسا و پڕۆژەی ھەمووارەکە بەرمەبنای دیدێکی تاکگەرایی سەرمایەدارانەی خۆپەرست، بەتایبەتیش
لە روانگەی ئافرەتەوە، داڕێژراوون نەك خێزان و بەرژەوەندییەکانی! بە واتایەکی تر،
پڕۆژە ھەمووارەکە خێزان وەك دامەزراوە و کۆیەکی ھاوبەشی ماددی و مەعنەوی سەیر
ناکات، بەڵکو وەك کۆمەڵێ تاك دەڕوانێتە ئەندامەکانی. بەحوکمی ئەوەی پاراستن و تۆکمەیی
و بەختیاریی خێزان تیایدا مەبەست نیە، بەڵکو وەك تاکی خاوەن ماف و بەرژەوەندی تایبەت سەیری ئەندامەکانی دەکات لەسەر حسابی ژیانە
ھاوبەشە خێزانییەکەیان! لەکاتێکدا دەبێت
ھاوسەنگی لەنێوان تاکبوون و ئەندمانی خێزان و کۆمەڵگەدا بکات. پەیوەندی نێوان ژن و
پیاو و ئەندامانی خێزان لە چەندین رووە دەکات بە پەیوەندییەکی یاسایی وشك و بێ گیان!
ئەمەش خۆگونجاندنێکی بێ ئاسۆ و ناسروشتییە لەگەڵ رەوتێکی جیھانی بۆ لێدانی خێزان و
بەھاکانی بۆ سنوری شێواندن و ھەڵوەشاندنەوەی! کێشە کەش سەبارەت بە ئێمە لەوێدا قوڵتر
دەبێتەوە، کە ئەمەی ئێستا لە دەستدەدەین بێ ئەوەی ئەو ئەندازە رێکخستنە قانونییەش
بەدەست بێنین کە لە خۆرئاوادا کاروباری خێزان ڕێکدەخات، بەدەر لەوەی ئەو رێکخستنە
لە وێندەرێش لە ھەندێ بواردا ڕەمزی قەیرانێکی راستەقینەی رۆحی و ئەخلاقییە وخەڵکە
عاقڵمەندەکە لەگەڵیدا نیەو ھەست بەمەترسییەکانی دەکات.
بە کورتی، ھەر یاسایەك بچێتە خزمەت
لاوازکردنی خێزان و بەھاکانی، جگە لەوەی دژ بە ناسنامەی ئایینی و کۆمەڵایەتی گەلی
ئێمەیە، بە زیانی ئەندامانی خێزان و بەرژەوەنییە رۆحی و دەرونی و ئەخلاقییەکانییان
و مەسەلە نەتەوەییەکە و سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی تەواو دەبێت. بە گوزارشتی فەرموودەیەکیش
دەبینە حەسرەتمەندترین کۆمەڵگە و گەل و نەتەوە بەحوکمی ئەوەی دەستبەرداری ناسنامەی دینی و نەتەوەیی و ئەخلاقی
و بەرژەوەندییەکانی خۆمان دەبین، لە پێناو بەھاو بەرژەوەندی ئەوانی دیدا.
چونکە ئاسان نییە بسەلمێنرێت بەرژەوەندی
ئێمە لە لاوازکردنی خێزان و بەھاکانیدایە.