سەردێڕ:

بنەمای سەروەری وڵاتان و لەشکرکێشی سوپای تورکیا

PM:02:06:30/04/2022
5332 جار خوێندراوەتەوە
بڵند دلێر شاوەیس
+ -

بنەمای سەروەری وڵاتان یەکێکە لەو بنەما نێودەوڵەتیانەی کە لە ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتیەکان و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاماژەی پێکراوە .

مێژوی سەرھەڵدانی ئەم بنەما نێودەوڵەتیە دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی پاش ڕیکەوتننامەی ویستفالیا(westphalia)ی ساڵی(١٦٤٨ز) و کۆتایی جەنگی سی ساڵەی ئاینی کیشوەری ئەوروپا و دروست بوونی دەوڵەتی نەتەوەیی .

بەپێی ئەم رێکەوتننامەیە بنەمای سەروەری دەوڵەت بریتیە لە دەسەڵاتی باڵا و ڕەھای دەوڵەت لەسەر خاکەکەی و مافی دەوڵەت لە ئەنجامدانی سەرجەم ئەرک و دەسەڵات و تایبەتمەندیەکانی لەناو خاکی وڵاتەکەیدا دوور لە دەست تێوەردانی ھیچ دەوڵەتێکی دیکە .

لە مادەی (٢)ی فەسڵی (١)ی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان ، بەروونی ئاماژە دراوە بە یەکسانی وڵاتان لە سەروەریدا و لە پێناو بەدیھێنانی ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بنەمای سەروەری وڵاتانی وەک یەکێک لەو بنەما نێودەوڵەتیانە دیاریکردووە.

لەڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتیەوە پەیرەوانی قوتابخانەی کلاسیک سەروەری بە دەسەڵاتی ڕەھای دەوڵەتان لەسەر خاک و گەلەکەی گوزارشتی لێوەدەکرێت ، لەو بارەیەوە بیرمەندی فەرەنسی (جان بۆدان) سەروەری بەوە پێناسە دەکات کە دەسەڵاتێکی ڕەھا و ھەتاھەتایی و باڵایە ، لەلایەکی ترەوە (ھۆگۆ گرۆشیوس ) چەمکی سەروەری لە کتێبی (یاسای گەلان) بە واتای ئەوە بەکار ھێناوە ھەمو دەوڵەتێک خاوەنی بریاری خۆیەتی و دەوڵەتان یەکسانن لە روی سەروەریەوە .

ئەم بۆچونە کلاسیکیانەی تایبەت بە واتا و چەمک و بنەمای سەروەری دەوڵەت ڕوبەڕوی رێژەیەکی بەرچاو لە ڕەخنە کرایەوە بەتایبەتی لەلایەن پەیرەوانی قوتابخانەی بابەتییەوە ، و بە بۆچونی بیرمەندی فەرەنسی (لیۆن دوگی) پێوەری سەروەری پێوەرێکی ھەڵەیە لە ڕوی یاساییەوە و بیرۆکەی سەروەری ڕەھا ئەو سەرچاوەیە نیە کە دەبێت بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی لەسەر دەربکرێت .

ھەروەھا (جۆرج سل) بیرمەندی فەرەنسی پێی وایە دەبێت چەمکی مرۆڤایەتی جێگرەوەی سەروەری بێت لە یاسای نێودەولەتیدا .

(دکتۆر محمد السعید الدقاق) پێی وایە لۆژیکی سەروەری پێچەوانەی یاسایە بەبۆچونی ئەو لەکۆمەڵگایەکی ڕێکخراودا سەروەری بوونی نیە جگە لە سەروەری یاسا ، لەلایەکی دیکەوە بوونی دوو سەروەری لە کۆمەڵگادا ناگونجێت و دەبێتە ھۆی ململانێ و پێکدادان لە نێوانیاندا .

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لەدوای نیوەی سەدەی بیستەمەوە بنەمای سەروەری دەوڵەتان گۆرانکاریەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە بەھۆی چەندین فاکتەری ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی کە کاریگەری بەرچاویان ھەبوو لە سەر گۆرینی واتای چەمک و بنەمای سەروەری وڵاتان و لەدەستدانی دەسەڵاتی ڕەھای دەوڵەتان لەسەر خاک و گەلەکەی بۆ نموونە :

١-دروست بوونی ڕِێکخراوە نێودەوڵەتیەکان(جیھانی و ھەرێمی و سیاسی و ئەمنی و تایبەتمەند).

٢-جیھانگیری و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا .

٣-پاراستنی مافی مرۆڤ .

٤-پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێو دەوڵەتی .

٥-ھەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤێت ١٩٩١و سیستێمی نوێی جیھان.

٦-رێکەوتننامەی (ماستریخت ) ساڵی١٩٩١ ودروستبوونی یەکێتی ئەوروپا .

٧-پەیڕەوی سەرەکی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ١٩٩٨ و نەمانی پارێزبەندی دەسەڵاتداران .

٨-دژایەتی کردنی تیرۆر.

٩-بەھاری عەرەبی و لێکەوتەکانی .

ئەوەی پەیوەندی ھەیە بە لەشکرکێشی سوپای تورکیا و بەزاندنی سەروەری عێراق ، جگە لەوەی تورکیا ئەجندایەکی لەمێژی ھەیە وەک میراتگری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بۆ گێڕانەوەی ویلایەتی موسڵ بە پێویستی دەزانین ئاماژە بدەین بە کۆمەڵێک ڕێکەوتننامە و لێکتێگەیشتن کە ھۆکارن بۆ بەزاندنی سەروەری عێراق لەلایەن تورکیاوە :

١-لەساڵی ١٩٨٢ و لە ئەنجامی جەنگی عێراق - ئێران و بوونی بۆشاییەکی ئەمنی لە سنوری نێوان عێراق و تورکیا ، پارتی کرێکارانی کوردستان(pkk)بڕیاریاندا بنکە و بارەگاکانیان بھێننە باشوری کوردستان و چالاکی سەربازی دژ بە تورکیا لە خاکی عێراقەوە دەست پێبکەن ، لە ئەنجامدا لە ساڵی ١٩٨٣ ڕێکەوتننامەیەکی دووقۆڵی لە نێوان تورکیا و ڕژێمی ئەوسای عێراق ڕێکخرا بەناوی ( اتفاقیە التعاون وامن الحدود) ، ئەم ڕێکەوتننامەیە لە سەردەمی (سعدون حمادی) وەزیری دەرەوەی عێراق ڕێکخرا کە زیاتر دەتوانرێت بە تێگەیشتنێکی ئەمنی لە نێوان عێراق و تورکیا ئەژمار بکرێت بە ھۆی تۆمارنەکردنی لە ڕێکخراوە نێو دەوڵەتییەکان و بە گوێرەی ھەندێک سەرچاوە ڕێگە دەدات بە تورکیا تا قوڵایی (١٠کم) سنوری عێراق ببەزێنێت.

٢-دواتر لە ساڵی ١٩٨٤ لەو کاتەی (تارق عەزیز) وەزیری دەرەوەی عێراق بوو پرۆتۆکۆلێکی ئەمنی لە نێوان عێراق و تورکیا واژو کراوە ڕێگە دەدات بە تورکیا تا قوڵایی (٥کم) بێتە ناو خاکی عێراق بێ ئاگادارکردنەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق.

٣-لە ساڵی ١٩٩٥ عێراق و تورکیا ڕێکەوتننامەیەکیان واژووکردوە کە ڕێگە دەدات بە سوپای تورکیا بە قوڵایی (٢٠کم) بێنە ناو خاکی عێراقەوە بۆ ڕاونانی ئەندامانی (pkk) .سەبارەت بەم ڕێکەوتننامەیە لە لایەکەوە ھەرێمی کوردستان بە ھۆی ئەوەی پارێزراو بووە بە پێی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکانی ژمارە (٦٨٨)ی ساڵی ١٩٩١ (ناوچەی دژەفڕینی ھێڵی ٣٦) و لایەنی تایبەتمەند نیە لە پاراستنی سەروەری عێراق ھیچ ڕێگرییەکی نەکردوە و لە تواناشیدا نییە ، لە لایەکی ترەوە لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە ساڵی ٢٠٠٣ حکومەتی نوێی عێراق داوای لەئەمریکا نەکردوە وەک دەسەڵاتی داگیرکەر کە بە پێی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان عێراقی بەڕێوە دەبرد بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتننامەکە .

٤-لە ساڵی ٢٠٠٧ ڕیکەوتننامەیەکی ئەمنی لە لایەن وەزیرانی ناوخۆی عێراق و تورکیا واژووکراوە سەبارەت بە ڕێگەدان بە تورکیا بۆ بەدواداچوونی ئەندامانی (pkk)لە باکوری عێراق ، ھەروەھا کردنەوەی دوو ئۆفیس بۆ ڕێکخستنی پەیوەندیەکانی نێوان بەغدا و ئەنکەرە و گۆڕینەوەی زانیاریە ھەواڵگری و ئەمنیەکانی نێوان ھەردوو وڵات .

٥-پەرلەمانی تورکیا لە ٢٠/١٠/٢٠١٤ بریاریدا بچێتە ناو چوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و بۆ ئەو مەبەستە سوپای تورکیا بنکەی سەربازی لە خاکی عێراق و بەتایبەتی سنوری پارێزگای موسڵ دامەزراند.

٦-لە ڕێکەوتی ٢٤/٤/٢٠٢٢ لە میانی بانگھێشتکردنی (فۆاد حسێن)وەزیری دەرەوەی عێراق لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە سەبارەت بە بەزاندنی سنوری عێراق لەلایەن تورکیاوە ، ڕایگەیاند تەنھا یەک ڕێکەوتننامە بوونی ھەیە کە ڕێگە دەدات بە تورکیا (٥کم) بێتە ناو خاکی عێراقەوە ئەو کۆنوسەش لە ساڵی ١٩٨٤ لەلایەن (تارق عەزیز)ەوە واژوکراوە ، بە مەرجێک پێش (٧٢) کاتژمێر عێراق ئاگادار بکاتەوە و پاش (٧٢) کاتژمێر بکشێتەوە .

ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوە دەردەخات سەرجەم ئەو ڕێکەوتنانای دیکە تەنھا لێکتێگەیشتنی ئەمنی و نھێنی بوون و مەبەست لێی سەرکوتکردنی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی کورد بووە لە باشوور و باکووری کوردستان .

ئەنجامدانی چالاکی سەربازی و بوونی بنکەی سەربازی تورکیا لە خاکی عێراق پێشینەیەکی مێژوویی ھەیە و ڕِەزامەندی ڕاستەوخۆی دەسەڵاتدارانی عێراقی لە سەرە ، ئەگەرنا عێراق دەتوانێت لە ڕێگای ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە ناڕەزایەتی پێشکەش بکات بۆ کشانەوەی سوپای تورکیا لە خاکی عێراق.

وبوونی (pkk)لە خاکی عێراق و ئەنجامدانی چالاکی سەربازی دژ بە تورکیا و بێ توانایی حکومەتی عێراق لە پارێزگاریکردنی سنورەکانی و پاراستنی بنەمای (مبدا حسن الجوار) ئەو پاساوەیە کە تورکیا سەروەری خاکی عێراق پێشێل دەکات، بە سوود وەرگرتن لە چاوپۆشی و پاڵپشتی نێودەوڵەتی و ئەندامبوونی لە (ناتۆ).

گەلەری