سەردەمى بینەرە عاقڵەکانى هەواڵ و زانیارى
PM:02:56:06/09/2026
204 جار خوێندراوەتەوە
خالید عەبدولکەریم
+
-
بەشێکى زۆرى ئەوانەى
لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە هەواڵ و زانیارى وەردەگرن ،گلەى لەزۆر و بۆرى میدیا و تایپێکى
نوێ لە بێژەرانى بوارەکە دەکەن، جاروباریش دەڵێن، سەریان سوڕماوە نازانن چ جۆرە میدیا و بێژەرێک هەواڵى ڕاست و
دروستیان پێدەگەیەنن، هەندێکێشیان باسلەوە دەکەن، هەواڵ و زانیارییەکان چێژى جارانیان
نەماوە، بەهۆى ئەوەى پێچەوانەى ڕاستی و زانیارییەکانیان دەسەڵمێنرێت و ژمارەیەکیشیان دەڵێن، هەواڵ و زانیارییەکان یەکجۆر
و شێواز و سەرچاوەن بەڵام بەڕەنگ و تامى جیاجیاوە دەخرێنە بەردەستیان...تد گەرچى ئەمانە
و دەیان تایبەتمەندى تر لەبارەى ئەم شێوازە نوێیە لەهەواڵ و زانیارى باسدەکرێت، وەسفى
دیاردەکەن، لەپشتەوە پاڵنەرى دیکە هەیە کە لێرەدا دەیانخەینەڕوو، هۆى چیە هەندێ لەمیدیا و بێژەرەکانى هەواڵ، ئەو شەقڵ و تەرزە نوێیە پیادە دەکەن..! ئایا تەنها
مەبەست لەداهێنانە یاخود پلانێکى ئایدۆلۆژى و سیاسى لەپشتیەوە وەستاوە بۆ ئەو مەبەستە، میدیا و ئەو جۆرە بێژەرانە ئەرکدار
دەکات..؟ حەزى کەسیى و داهێنان و سود وەرگرتنە لەتەکنەلۆژیا..؟ یان چى دیکەیە..؟
کاتێک بێژەرى هەواڵ دەورەکەی خۆی دەگۆڕدێت
یان بۆى دەگۆڕدرێت، لەگەیاندنى زانیارى دروستەوە، بۆ کاراکتەرێکی سینەمایی، ستۆدێۆکەى پڕدەکات لەجموجۆڵ و نواندن و جاروباریش
هاتوهاوار، حیکایەت و بیروبۆچونى خۆى، بەکارهێنانی جۆرەها سڵاید و مۆنتاژی ڤیدیۆیى
و ئەنیمەیشن و جاروبار نوکتە ونەسیحەتیش تێکەڵ بە هەواڵەکەى دەکات، ئەوا دەورى بینەریش
لەگەڵ خۆیدا دەگۆڕێت و دابەشى دەکات، بەشێک
لەبینەر چێژێکى کاتیى لەو ستایڵە دەبینن و چاویان زوو تێر دەبێت، بەشێکى دیکە لەچاوەڕوانى
وەرگرتنى زانیاریەکى دروستەوە دەبنە بینەرێک، چاوەڕێ حیکایەت و نوکتە و مۆنتاژى سەرسوڕهێنەرتر
بکات..! ئەوەى وندەبێت چاوخستنە سەر ناوەڕۆکى زانیارییەکانە، لێرەدا فێڵە ئایدۆلۆژى و پلانە سیاسیەکە دەردەکەوێت، جارى
وا هەیە ڕازاندنەوەى هەواڵ و زانیارى تەنها مەبەستەکە بەرەوپێشچوون و سود وەرگرتن
لەتەکنەلۆژیا نیە، بەڵکو پێدانى زانیارییەکە لەڕێگەى ئەو ئامڕازانەوە وەک ئەوەى
پلانداڕێژەرانى پشت میدیا و بێژەرەکان دەیانەوێت نەک وەک ئەوەى ڕوویداوە و دەبێت وەکخۆى
بگاتە وەرگرانى!..
لەلایەکى ترەوە
لەدۆخێکى وەهادا، بایەخی زانیارییەکان لاى
بینەر دەبێتە پلە دوو، چاوەڕێ دەکات بزانێ بێژەرەکە چ جموجۆڵێکى هەزەلى تر دەکات،
چ ڤیدیۆیەکی تەنزئامێزی دیکەى پیشانئەدات، دەیباتەوە ناو چ تونێلکى کۆمیدیاى دیکەدا..!
گەر جار لەدوایجار شتی جوانتر ومۆنتاژی باشتری پیشاننەدا، ئەوا چاوى حەز و یستى لەسەرى
کەم دەبێتەوە، دواتر ئەکتیڤی بێژەرەکە وکەناڵەکەشی دادەبەزێت، چونکە بینەر لەسەر ئەو
پاڵنەرانە کۆدەکاتەوە نەک خۆشەویستى بۆ زانیارى دروست و قووڵ.
ئەمجۆرە داهێنانە
کە زیاتر دەسەڵات بەرهەمى هێناوە و بێژەرانى هەندێک لەمیدیاکان ناچار دەکات پیادەى
ئەو پلانە بکەن، داهێنانێکى خۆکارانەیان هێناوەتە نێو میدیاى کوردیەوە، ستانداردى
هەواڵیان پشتگوێ خستووە، بەشێکى زۆریان ئەوانەن بەهەر مەبەستێک بووە لایک و ڤیو دەکەنە
پێوەر، نەک ناوەڕۆک، ئەگینا گەیاندنى زانیارى و هەواڵ و ڕەگەزەکانى دیکەى، نابێت
بەدەربێت لە ستاندارد و بنەما گشتیەکانى گەیاندنى هەواڵ و زانیارى.
تائێستا چ میدیایەکى
عەرەبى و کوردى توانیویەتى بى بى سى و ڕۆیتەرز تێپەڕێنێت..؟ ئەوان بۆچى ئەمجۆرە
داهێنانەیان نەکردوە..؟ لەگەڵ ئەو هەموو گۆڕانکارییە تەکنەلۆژیەدا، ستاندارد و بنەما
گشتیەکانیان پشتگوێ نەخستوە، هەوڵیاننەداوە تەنها کار لەسایکۆلۆژیا و هەستوسۆزى بینەر
بکەن، گرنگ نیە بەلایانەوە هەواڵێکیان، ڕاپۆرت و ڕاپۆرتە هەواڵیکێان...تد ،کەمترین
لایک و ڤێوى هەبێت، بەڵام بەلایانەوە گرنگە درۆ نەکەن و لەگەڵ هەست و حەز و میزاجى
بینەردا یارى نەکەن!..
لەپاڵ هۆکارەکانى
دیکە بۆ بێزارى بینەر لەزۆر و بۆرى میدیاکان، بەتایبەت دواى ئەوەى بەمەبەست دەسەڵاتى
میدیاش بەهەمو جۆرەکانیەوە ناشیرینکرا و زووتر گەیەنرایە قۆناغى پوچگەرایى، بەڵام
کەم نین ئەو میدیا و بێژەرانەش بینەرى هۆشیار بێزار دەکەن و زوو تێیدەگەنن بڕۆن و
بەجێانبهێڵن و خێرا سکرۆڵ بکەن یان کۆنترۆڵەکەى بۆ هەڵبگرن، ئەمجۆرە بینەرە هۆشیارانە،
تێدەگەن، ئەو جۆرە بێژەر و میدیایانە، مەبەستیان ئەوە نیە زانیارى و هەواڵێکى دروستیان
پێ بگەیەنن بەڵکو لەپشت ئەو هاتوهاوار و مایکاژ و مۆنتاژ و ئەنیمەیشن و هەرایەدا،
مەبەستى دیکەیان ئامادەیە، ئەویش تاریکاندنى زانیارییە دروستەکان و چەواشەکردنى هۆش
و عەقڵى بینەرە.
بەڵام گەربێتو،
بێژەرێک، کەناڵێک، لانەدەن لەستاندارد و بنەما گشتیەکانی گەیاندنی هەواڵ وزانیاری
و سودیش وەربگن لەهەر تەکنەلۆژیایەک بۆ مۆنتاژ و گرج و گۆڵکردنى بێژەر، بەردەوام
زانیاری دروست وقوڵ وەک ئەوەى هەیە،نەک وەک ئەوەى بۆیان دیارى دەکەن بگەیەنن، دیوی
شاراوەیی ڕوداوەکان بخەنەڕوو، خاوەن ئاڕاستەی ئاشکرای خۆیان بن، ئەوکات، عەقڵی بینەر
ڕادەکێشن ودەکرێنە هاوڕێی هەمیشەیی لەڕێگەى متمانەوە، بەکەمترین مۆنتاژ وهاتوهاوار
و ئەکتی سینەمایی و نوکته!..
زانیاری دروست
و ڕەسەن، بێ ئاکت و هاتوهاوار وبۆیاغ و زیادەڕەویکردن لەمۆنتاژدا ، لە لاشعوری مرۆڤدا
دەمێننەوە و ودەبنە ئاڕاستەیەک بۆگۆڕانکاری لەبیروباوەڕی بینەردا، بەڵام زانیاری مەبەستدار و فەیک بەباق وبریقی مۆنتاژ و ئەکتى
سینەمایی کردنی هەواڵ وزانیاری، زۆر زوو دەڕوات
و لەزاکیرەى مرۆڤدا جێگیر نابێت، بێ جیهێشتنی هیچجۆرە کاریگەریەکى باش لەناو دەچن!..