لەتیف هەڵمەت و خاتوو سورەییا
PM:05:11:04/09/2026
260 جار خوێندراوەتەوە
لهتیف فاتیح فهرهج
+
-
خاتو سورەییا دوای شازدە ساڵ لەنەخۆشی بێئامانی شێر پەنجە سەفەری یەكجاری كرد و مامۆستا لەتیف هەڵمەتی بە تەنیا بە جێهێشت، جارێكیان لە سەردانێكی خێزانیدا بۆ ماڵی مامۆستا، خاتو سورەییا كە هەمیشە وەك خواناسێكی نەرم و نیان لە سەر بەرماڵ و قورئانێكی ئاوەڵا لە بەردەمیدا بوو، بە هاوسەرەكەمی گوتبوو خۆزگا یەكێك لە كوڕەكانم هییچ نەبا بۆ هاودەنگی لە تیف هەڵمەت دەمان، ئێ ئەو چوار كوڕی پاش لە دایكبوون هەر بە كۆرپەیی مردبوون، كاتێك كاك لەتیف لە سەر قەبران گوتی كوڕت نیە بۆت بگری، بەڕاستی ئەوكم پڕبوو، ئەوە خەمێكی قورسە، لەتیف هەڵمەت و سورەییا خان هەریەك لە ژورێك بون لە ماڵە بچكۆلەكەی خۆیاندا، ئەو خەریكی نزاو پاڕانەوەو ئەم خەریكی شیعرو نووسین، لە گەڵ ئەوەشدا زۆر هۆگری یەكتر بوون دو كەس كە بەنەفسێكی بەرزەوە دەژیان، هەر من دەزانم خەڵكانێك دەیانویست چی بۆ بكەن و ئەو " ئەوان" قەبوڵیان نەدەكرد.
بە لە دەستدانی خاتوو سورەییا مامۆستا خۆی وتەنی " لانەی شێوا " بەڵام میدیای كوردی لە بری ڕێزگرتن لەو شاعیرو مرۆڤە پایەدارو مەزنە، هەوڵًیان دەدا ئازارو خەمەكەی زێتر بكەن ، ئێ لە ئێستادا و لەو بارو دۆخەدا بۆ ئەتەوێ كوڵی پڕو شیوەنی مرۆڤێك بگوازیتەوە كە لە بری ئێش كەمكاتەوە ئێش زیاد دەكات ، دواتر بۆ لە هەندێك شوێن وێنە دەگیرێت و ئەمە وەك سەرزەنشت و هەروەها وەك جۆرێك لە دابڕان لە كۆمەڵگە نیشاندەدرێت و وێنا دەكرێت ، ئەوە كەی كاری میدیایە ، كاری میدیا ئەوەیە بە ئاگاییەوە هەواڵەكە بەو جۆرە بگەیەنێ بە خەڵك كە بەشداری لە دڵ نەوایی ئەو شاعیرە بكەن.
لە كاتژمێر شەشی بە یانی هەستام سەرقاڵی خۆ ئامادەكردن بووم بچم بۆ كەركوك ، تا زوو بێمەوەو بڕۆم بۆ سلێمانی چونكە ئێوارەی پێشتر لە گەڵ عەزیز ڕەوف ڕێكەوتین پاش نیوەڕۆ لە ئەنوەر شێخە سەر لە مامۆستاو سورەییا خان بدەین ، دەورو بەری سەعات هەشت مامۆستا عەزیز هەواڵی پێدام بچم بۆ سلێمانی سورەییا خان چوو، كەچووم لە گۆڕستان لە سیمای مامۆستا لە تیف دا حەسرەتێكی قوڵم دی ، حەسرەتی لە دەستچوونی ئازیز ترین كەسی ، كەسێك دەیان ساڵ لە بونەو نەبوونەدا هاوسەرو هاوخەمی ئەو شاعیرە گەورەیەی كورد بوون ، شاعیرێك فێری كردین كوردایەتی و ئاینداری و بڕواداری هەراو هۆریاو شمشێرو كوشت و بڕنین و بێدەنگی و ڕامان و بیركردنەوەو قوڵبوونەوەن.
ئێستا ئیتر تا هەر ژیانی كاك لەتیف بەرپرسیارەتی گەورە لە ئەستۆی كەس و كارو حكومەت و ئێمەشە بە گشتی ، چۆن نەهێڵین ئەو شاعیرە هەست بە تەنیای و دابڕان بكات و لە دەوری بین ، سورەییا خاتونی لە دەست دا، بەڵام كوردستان و شیعرو ئێمە نا ، ئەركی هەموومانە بزە بگێڕینەوە بۆ سەر لێوی وشك هەڵاتوی نەك چاوەكزەكانی بكەین بە گۆمی فرمێسك.