سەردێڕ:

شێروان شێروانی؛ لە قارەمانەوە بۆ قوربانی

PM:05:40:20/08/2025
5280 جار خوێندراوەتەوە
رێبوار عەبدوڵا
+ -

قوربانی، لە ئەدەبیاتی ئیسلامی و دۆخی کۆمەڵایەتیی خەڵکیدا، بە کەسێک دەوترێت، کە بەبێ ئەوەی چاوی لە پاداشتێک بێت، ئامادەیە گیانی خۆی لەپێناودا دابنێت، بەڵام بەرچاوی ڕوونە کە بۆ کێ و لەپێناو چیدا ئەو ڕیسکە گەورەیە بە گیانی خۆیەوە دەکات، هەمیشە لە ژینگەی باودا قوربانی وەک سومبل و فیگەرێکی مەزنی موڵکی گشتی لێی دەڕوانرێت، سروود و شانامە بە باڵای تێکۆشانەکەیدا هەڵدەبەسترێت، دەچێتە ناو دێڕی هۆنراوە و گۆرانییەوە.

لێرەدا و پەیوەست بە کەیسی ڕۆژنامەنووسی بەناهەق بەندکراو "شێروان شێروانی" کە قوربانییەکی بێ چەندوچوونی ڕێی خەباتی مەدەنی و چرای ڕۆشنکەرەوەی مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی نادادی و گەندەڵی و مافخوراوانی هەرێمە، ڕاستییەکی ڕەها خۆی بەیان دەکات، ئایا شێروان لەپێناو کێ و کام چینە مافخوراوەی هەرێم لە سووچی زینداندایە؟ ئایا ئەم کوڕە نەیدەتوانی ببێت بە ڕانتخۆرێکی دەستەمۆی نێو سەدان دەزگەی مێدیایی دەسەڵات، کە مانگانە کۆشێک پارەی حەرام دەرخواردی منداڵەکانی بدات؟

زۆرجار بینیومانە، کاتێک دڕندەیەک پەلاماری ڕانێک ئاژەڵ دەدات، دانەیەکیان ڕاناکات، ڕادەسێ و بەرانبەر دڕندەکە دەوەستێتەوە، ئەگەر هاوڕێکانی پاڵپشتی بکەن، هێرشەکە پێچەوانە دەبێتەوە، دڕەندەکە ڕادەکات و سەرکەوتن بۆ هێزی زۆرینەیە، بەڵام ئەگەر دۆستەکانی لە ئاست ئەو قوربانییەدا نەبن، هەر یەکێکیان خەمی ڕزگارکردنی گیانی خۆی بێت، لەو کاتەدا پاڵەوانەکە دەبێتە قوربانیی کۆمەڵێک هاوڕێی نیوەڕێی ترسنۆک، ئەوانیش بۆ شاردنەوەی ترسی خۆیان هەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی تەنانەت وەک هاوڕێش ناوی نەهێنن.

لە ئێستادا شێروان ئەو پاڵەوانەیە، کە لەجیاتی هەموومان بەرانبەر ستەمی بنەماڵەیەکی حکومڕان ڕاساوە، بەڵام بێ پشتیوان و بەجێهێڵراو، لە هەرێمێکدا کە دەیان پارت و گرووپی ناڕازیئامادەییان هەیە، بەڵام هیچ یەکێکیان بە کردەیی خاوەندارێتی لە کەیسەکەی ناکەن، ئەمەش دەرگەی بۆ دەسەڵات واڵا کردووە، لەجیاتی کوشتنی فیزیکی، وەک ئەوەی بەسەر سۆران و ویداد و سەردەشتدا هێنایان، ئێستا بێباکانە گۆڕیویانە بۆ ئازاری دەروونی و زیندانیکردنی بێ پاساو.

لە ماوەی ئەو ٦ ساڵەدا، کە شێروان لە زیندان دایە، ئەو پارت و فراکسیۆنە پەرلەمانییەی دەرەوەی پارتی و یەکێتی، دەیان باڵیۆز و کۆبوونەوەی پەرلەمان و سەرۆکوەزیرانی عیراق و دەوڵەتانیان بینیوە، شێروان نەبووە بە تەوەرەی گفتوگۆی تەنها یەک دانیشتنیشیان؛ لەکاتێکدا کەیسی ئەم ڕۆژنامەنووسە، نە هیچ تاوانێکی ئاشکرایە، نە سیخوڕییە بۆ دەوڵەتان، نە دزی و گەندەڵی و پیاوژییە، تەنها ئەوەیە کۆڵ بۆ دەسەڵاتێک نادات، کە ئامادەن بە داوای لێبووردنێک لە مەسروور بارزانی ئازادی بکەن، هەمیشە وەڵامی شێروان تەنها ئەوەندە بووە: " داوای لێبوردن لە هەمبەر کام تاوانە؟

یەکێتی وەک تەماشاچی

گریمان ئەوە پارتییە و دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر بێدەسەڵاتێکدا زاڵ بکات، بەڵام بۆچی ڕکابەرە سیاسییەکەی تۆزقاڵێک ویژدان نایجووڵێنێت و لەسەر ئەو کەیسە بە ڕژدی نایاتە سەرهێڵ؟ لانیکەم بڵێت شەش ساڵی ڕابردوومان کرد بە قوربانی برایەتی و پێکەوەیی، خۆ ئەگەر کەیسی گیرانی ئەو ڕۆژنامەنووسە درێژە بکێشێت، ئامادەنین بۆ گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەت دانیشتن بکەین،، ئەمە لەکاتێکدا یەکێتی لەسەر بنەمای ڕاجیایی و یەکترقبووڵکردن دامەزراوە.

ڕۆڵی شەقام

بەداخەوە دوای شکستی تەوژمی ناڕەزایەتییەکانی جەماوەر، کە بە پلەی یەکەم بزووتنەوەی گۆڕان و سەرکردە خۆچەمێنەکانی هۆکار بوون، خەڵکیش متمانەیەکی ئەوتۆی بەو شەقامە نەماوە، بۆیە ئەوەی کە بتوانین لەڕێی شەقامەوە فشار دروستبکەین، بۆ ئازادبوونی شێروان شێروانی، کارتێکی لاوازە، ڕێکاری یاسایی و دادگاش کە چەندین پارێزەر پاڵپشت و پشتیوان بوون، دواجار ئەوانیش دەستبەرداری کەیسەکە بوون و ڕایانگەیاند کە لەڕاستیدا بابەتەکە یاسایی نییە هەتا ئێمە بە یاسا بتوانین براوە بین تێیدا، لێرەدا تاکە ڕێگەیەک مابێت، ئاشتکردنەوەی هەموان لە دەوری کەیسی ئازادکردنی شێروان شێروانی، بەو مانایەی بەبێ ئاوڕدانەوە بۆ ڕابردوو، بەبێ ڕاچاوکردنی ناسنامە و ئایدۆلۆجیای شێروان، هەموو چالاکوان و پارت و گرووپە ناڕازییەکان، هەفتەی ناڕەزایەتیی و خاوەندارێتی لەم کەیسە ڕابگەیەنن، بەجۆرێک چالاکوان و شەقامدۆستانی دەرەوەی وەڵاتیش ببنە کارتێکی فشاری بەهێز لە وەئاگاهێنانەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دەوڵەتانی دنیا، سەبارەت بەو غەدرە گەورەیەی کە دەسەڵات بەبێ هیچ هۆکارێک بەرانبەر بە ئازادیخوازێک دەینوێنێ، بۆیە هیوادارم ئەم بابەتە بانگەوازێک بێت لێرەوە بتوانین هەوڵەکان یەکبخەین، هەتا بۆ هاوڕێکەمانی بسەلمێنین، کە هاوڕێی نیوەڕێ نین.

گەلەری