یانەیەک هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی ستێرلینگ چڕ کردووەتەوە

PM:02:11:01/01/2026

72 جار خوێندراوەتەوە

+ -

فولهام هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی ستێرلینگ چڕ دەکاتەوە و چاویان لە گۆڵکارێکی ئەمریکییشە.

لە راپۆرتێکدا پێگەی تیم تاکی ئینگلیزی ئاشکرای کردووە کە یانەی فولهام پلانێکی جددی داڕشتووە بۆ گواستنەوەی ڕەحیم ستێرلینگ، کە ئێستا لەلایەن یانەی چێڵسییەوە خراوەتە لیستی یاریزانە زیادەکان و جیا لە تیپی یەکەم ڕاهێنان دەکات.

بەپێی راپۆرتەکە، کارگێڕی چێڵسی ئامادەیە بەشێکی زۆری مووچە هەفتانە بەرزەکەی ستێرلینگ کە 325 هەزار پاوەندە لە ئەستۆ بگرێت، تەنها بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی زستانەی ئەم مانگەدا رێگە بۆ رۆیشتنی خۆش بکات، یانەی فولهامیش هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی چڕکردووەتەوە.

هاوکات فولهام تەنها بیری لای ستێرلینگ نییە، بەڵکو وەک ئاتلێتیک ئاماژەی پێداوە، کار لەسەر پێشکەشکردنی دووەم پێشنیار دەکات بۆ گواستنەوەی ریکاردۆ پێپی، هێرشبەری یانەی ئایندھۆڤن، دوای ئەوەی پێشنیاری یەکەمیان بە بڕی 26 ملیۆن پاوەند ڕەتکرایەوە.

پێپی تەمەن 22 ساڵ کە ئاستێکی سەرنجڕاکێشی لەگەڵ یانە هۆڵەندییەکە پێشکەش کردووە و لەم وەرزەدا خاوەنی 10 گۆڵە لە 21 یاریدا، بووەتە ئامانجی سەرەکی فولهام بۆ بەهێزکردنی هێڵی هێرشبەری لە ساڵی نوێدا.