داهاتووی ئادیێمی لەگەڵ دۆرتمۆند بە نادیاری ماوەتەوە

PM:12:15:01/01/2026

84 جار خوێندراوەتەوە

+ -

داهاتووی ئادیێمی لەگەڵ دۆرتمۆند بە نادیاری ماوەتەوە و ڕاکان بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون.

داهاتووی کەریم ئادیێمی، هێرشبەری لاوی یانەی برووسیا دۆرتموند، لە ناوەندی وەرزشی ئەڵمانیادا بووەتە جێگەی مشتومڕێکی توند و راکان بۆ دوو بەرەی دژ بەیەک دابەش بوون.

بەشێک لە شارەزایان و رۆژنامەی بیڵد پێیان وایە دۆرتموند دەبێت بە هەر نرخێک بێت لەم زستانەدا بەرامبەر 60 ملیۆن یۆرۆ ئادیێمی بفرۆشێت، چونکە ئەم یاریزانە لەبری درەوشانەوەی هونەری، زیاتر بە کێشەکانی دەرەوەی یاریگا وەک هەڵسوکەوتی منداڵانە لە کاتی گۆڕانکاریدا و کێشە یاساییەکان دەناسرێتەوە و بووەتە سێوێکی ڕزیو کە کاریگەری خراپی لەسەر کۆی تیپەکە هەبووە.

لە بەرامبەردا، بەرەیەکی تر داکۆکی لە مانەوەی دەکەن و پێیان وایە دۆرتموند یاریزانی تری نییە کە وەک ئادیێمی خاوەن خێراییەکی بێوێنە بێت و بتوانێت ئەنجامی یارییەکان بگۆڕێت؛ ئەوان هۆشداری دەدەن کە فرۆشتنی ئەم یاریزانە بەهۆی جەنجاڵییەکانیەوە دەبێتە نەریتێکی خراپ و لە داهاتوودا هەموو یاریزانێک بۆ جێهێشتنی یانەکە پەنا بۆ سەرپێچی دەبات.

هەر لەبەر ئەوەش داوا دەکەن کارگێڕی یانەکە سوربێت لەسەر مانەوەی لەبری فرۆشتن، گرێبەستەکەی ئادیێمی 23 ساڵان درێژ بکەنەوە کە لە هاوینی ساڵی 2027 بەسەردەچێت.