لێدوانى ئینزاگى و ئەلیگرى دواى دێربى ئیتاڵیا

AM:11:24:25/10/2021

1628 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئینزاگى ڕایگەیاند لێدانى سزا تاکە ڕێگە بووە بۆ یۆڤانتۆس تا گۆڵیان لێ بکات و ئەلیگریش بە تاکە خاڵى یارییەکە ڕازییە.

سیمیۆنى ئینزاگى ڕاهێنەرى ئینتەر میلان لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا دواى یەکسانبوونەکەى بەرامبەر یۆڤانتۆس لە دێربى ئیتاڵیادا دەڵێت "پێموایە لێدانى سزا تاکە ڕێگە بووە بۆ ئەوەى گۆڵمان لێ بکرێت و ئەمەش بێ هیواى کردین، چونکە کۆنتڕۆڵى یارییەکەمان کردبوو هەر لە سەرەتاوە تا کۆتایى، نەمان هێشت یۆڤانتۆس هیچ بکات و دڵخۆشیش نین بەو دوو خاڵەى لەدەستماندا".

لە بارەى لێدانە سزاکەوە، کە بەهۆیەوە یۆڤانتۆس گۆڵى یەکسانبوونى تۆمارکرد، ئینزاگى ئاماژە بەوەدەکات، ناوبژیوان لە ڕووداوەکەوە نزیکبووە و بەپێى تواناى خۆى ڕاستیەکەى بینیوە و پێویستى بە ڤار نەبووە و دەشڵێت "دڵتەنگم بۆ هاندەرەکانمان، لەبەرئەوەى زۆر باش یاریمان کرد و شایەنى زیاتربووین".

ئینزاگى لە بارەى کارتە سورەکەیەوە، کە دواى هەژمارکردنى لێدانە سزاکەى دژى تیپەکەى وەریگرت، دانە بەوەدادەنێت ئاماژە و جوڵەکانى باش نەبوون، بەڵام هەستى بە توڕەبوون کردووە.

لاى خۆشیەوە، ماسیمۆ ئەلیگرى ڕاهێنەرى یۆڤانتۆس ڕەزامەندى خۆى بە تاکە خاڵى یارییەکە دەربڕى و ئاماژەى بەوەکرد ئێستا بە سێ خاڵ لە دواى ئینتەرەوەن و هەلى گەیشتنیان بە چوار تیپى یەکەم هەیە پێش وەستاندنەوەى یارییەکان.

گ . ف