خێزانەکەی مباپێش ملکەچی بڕیارێکی ریاڵ مەدرید بوون

PM:07:15:30/04/2024

532 جار خوێندراوەتەوە

+ -

خێزانەکەی مباپێش ئەو راستییەیان قبوڵ کردووە کە یاریزانەکە ناتوانێت بەشداری ئۆڵۆمپیاد بکات.

هەرچەندە تا ئێستا گواستنەوەی کیلیان مباپێ بۆ ڕیال مەدرید پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام لە ئیسپانیا و فەرەنسا رۆژنامەکان نزیکن لە دڵنیابوون لەوەی کە ئەمە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا ڕوودەدات، یانەکەی مەدریدیش پێشتر ڕایگەیاندووە، ڕێگە بە یاریزانەکانی نادات بەشداری ئۆڵۆمپیادی پاریس بکەن، ئەم بڕیارە گەورەیەش لە فەرەنسا تووشی وەڵامێکی نەرێنی بوەتەوە.

بەپێی یاساکانی فیفا، یانەکان ئازادن رێگری بکەن لەوەی یاریزانەکانیان بەشداری ئۆڵۆمپیاد بکەن، ریاڵ مەدریدیش پێشتر بە روونی رایگەیاندووە رێگە بە یاریزانەکانی نادات بەشداری ئەو پاڵەوانێتییە بکەن، بەڵام فەرەنسییەکان هیوادارن مباپێ کە لە ئێستادا یاریزانی پاریسە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە روو لە مێررەنگی دەکات بەشداربێت لە ئۆڵۆمپیادی 2024 کە لە پاریس و لەنێو خاکی خۆیاندا بەڕێوەدەچێت.

ویلفرێد مباپێ باوکی کیلیان لە لێدوانێکیدا بۆ ڕادیۆ فەرەنسا، باسی لە ئەگەری نەبوونی کوڕەکەی لە ئۆڵۆمپیاد کرد، وتی: نازانم چی ڕوودەدات، چونکە ئێمە بڕیاردەری سەرەکی نین، بەڕای من پێویستە سەرنج لەسەر خودی ئۆڵۆمپیاد بێت کە لە پاریس بەڕێوەدەچێت نەک ئەو بابەتەی کە کیلیان ئامادە دەبێت یان نا.

دوای ئەم لێدوانانەش پێدەچێت خێزانی مباپێش ملکەچی بڕیارەکەی ڕیال بوون و بیرۆکەی بەشداریکردنی کیلیانیان لە ئۆڵۆمپیاد وەلاناوە.