سبەینێ خولەکانی ئینگلتەرا و فەرەنسا ئەنجامدەدرێن

PM:05:45:23/04/2024

176 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سبەینێ لە خولی ئینگلتەرا لیڤەرپوڵ و مان یونایتد بە جیا یاریان هەیە و لە خولی فەرەنساش پاریس دەبێتە میوانی لۆریان.

لە درێژەی یارییەکانی خولە ناوخۆییەکانی ئەوروپا، سبەینێ لە کاتژمێر 10 چەند یاریەکی دواخراوی هەفتەی 29 ئەنجامدەدرێن، یانەی لیڤەرپوڵ لەدەرەوەی یاریگای خۆی و لە یاری دێربیدا دەبێتە میوانی ئیڤەرتۆن.

لیڤەرپوڵ بە ئامانجی بەدەستهێنانی سێ خاڵی یاریەکە دەچێتە یاریگاوە تا بەردەوامی بدات بە کێبڕکێ کردن لەسەر بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزە، ئیڤەرتۆنیش دەیەوێت بە بردنەوە چەند پلەیەک بچێتە پێشەوە و دووربکەوێتەوە لەو پلانەی کە دادەبەزن بۆ خولی پلە یەک.

لە هەمان کاتدا، یانەی مانچستەر یونایتد لە یاریگای ئۆلدترافۆرد میوانداری یانەی شیفیڵد یونایتد دەکات و ئامانجی شەیتانە سوورەکان ئەوەیە کە کورسیەکی یەکێک لە خولەکانی ئەوروپا بۆ وەرزی داهاتوو مسۆگەر بکات.

هەر سبەینێ بەڵام لە خولی فەرەنسا و لە کاتژمێر هەشتدا، یانەی پاریس سان جێرمانی پێشەنگ لەدەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی لۆریان و دەیەوێت بە بردنەوە هەنگاوێکیتر لە بوون بە پاڵەوان نزیکبێتەوە.

لە کاتژمێر 10شدا، هەردوو یانەی مارسیلیا و نیس رووبەڕووی یەکدەبنەوە و مۆناکۆش لە یاریگای خۆیدا میوانداری لیل دەکات.

خ . ک