فەرمی.. ئەستۆن ڤێلا نوێکردنەوەی گرێبەستی ئێمری راگەیاند

PM:05:07:23/04/2024

148 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بە فەرمی ئەستۆن ڤێلا نوێکردنەوەی گرێبەستی ئێمری راگەیاند و سەرجەم یانەکانی تری بێهیوا کرد.

یانەی ئەستۆن ڤێلای ئینگلیزی لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا بڵاویانکردەوە، گرێبەستی ئۆنای ئێمری راهێنەری ئیسپانی یانەکەیان بۆ ماوەی چەند ساڵێکیتر نوێکردەوە.

یانەکە ئاشكرایکردووە، گرێبەستە نوێیەکەی ئێمری لەگەڵ یانەکەیان تا هاوینی ساڵی 2027ە لە کاتێکدا گرێبەستەکەی ئێستای لە مانگی شەشی ساڵی 2026 کۆتاییدەهات.

ئاماژەیان بەوەشداوە، دڵخۆشن بە رازیبوونی ئەو راهێنەرە کە بەردەوامبێت لەگەڵیان بەهۆی ئەوەی جێگا دەستی دیاربووە بەسەر بەرزبونەوەی ئاستی یانەکەیان لەو ماوەیەی کە راهێنەریان بووە.

دوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، ئێمری لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، چێژ وەردەگرن لەگەڵ هاندەران و یاریزانان و خاوەنی یانەکە و بەردەوامیش پشتگیریان کردوون.

دەشڵێت، پێویستە ئەو رۆحیەتە گەورەیە بپارێزین کە لەنێو یانەکەدا دروستبووە و کار دەکەین بۆ ئەوەی باشتر بین، دەبێت یاریزانەکان بەشێوەیەک پەروەردە بکەن کە ئامانجی زۆریان هەبێت بۆ یانەکەیان.

ئۆنای ئێمری لە مانگی 11ی 2022ەوە بووەتە راهێنەری ئەستۆن ڤێلا، تا ئێستا لە 77 یاریدا خاوەنی 44 بردنەوە و 14 یەکسانبوون و 19 شکستە لەگەڵ ئەو یانەیەدا، لە پلەی چوارەمی ئەم وەرزەی پریمەر لیگیشدان.

خ . ک