PM:04:05:20/04/2024
108 جار خوێندراوەتەوە
+
-
پیۆلی لە راهێنەرایەتی میلان دووردەخرێتەوە و ڤان بۆمێل و گالاردۆ و چەند
راهێنەرێکی تریش پاڵێوراون بۆ شوێنەکەی.
فابریزیۆ رۆمانۆی شارەزا لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان بڵاویکردەوە کە پلانەکانی
کارگێڕی یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی هیچ گۆڕانکاریەکی بەسەردا نەهاتووە و لە
کۆتایی ئەم وەرزە ستیفانۆ پیۆلی لە راهێنەرایەتی یانەکەیان دووردەخەنەوە.
فابریزیۆ ئاشکرایکردووە، لە چەند هەفتەی داهاتوودا بەرپرسانی یانە ئیتاڵیەکە
هەنگاوەکانی دوورخستنەوەی پیۆلی دەستپێدەکەن و ئەوەش لە دوای ماڵئاواییکردنیان لە
یۆرۆپا لیگ پشتڕاستکراوەتەوە.
لەلایەکی ترەوە، رۆژنامەی لاگازێتا دیللۆ سپۆرت رایگەیاند، رۆژەکانی پیۆلی
لەگەڵ یانەکەی شاری میلانۆ بەرەو کۆتایی دەڕوات و هیچ هیوایەک نەماوە بۆ مانەوە لە
پۆستەکەی.
لاگازێتا ئاشکرایکردووە، لە ئێستادا چەند ناوێک لەسەر مێزی گفتوگۆی یانە
ئیتاڵیەکەن بۆ راهێنەرایەتی یانەکەیان کە بژاردەی یەکەم ڤان بۆمێلی هۆڵەندیە و
دواتریش مارسیلیۆ گالاردۆی ئەرجەنتینی و راهێنەری یانەی ئیتیحادە.
دەشڵێت، لۆپیتیگی ئیسپانی و فۆنێسکای پورتوگالی و کریستۆڤەر گالتیەی
فەرەنسی لە نێو پاڵێوراوەکاندان تا وەرزی داهاتوو ئەرکی راهێنەرایەتی ئەی سی میلان
وەربگرن.
خ . ک