یۆرۆپالیگ... لیڤەرپول ماڵئاوایکرد و لیڤەرکوزنیش گەیشتە قۆناغی پێش کۆتایی

AM:12:11:19/04/2024

232 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە یۆرۆپالیگ لیڤەرپول سەرەڕای بردنەوەی بە گۆڵێکی بێوەڵام لە ئەتەلەنتا ماڵئاوایکرد و لیڤەرکوزنیش گەیشتە قۆناغی پێش کۆتایی.

لە یارییەکانی قۆناغی چارەکی کۆتایی یۆرۆپالیگ، ئەتلەنتا لە یاریگای خۆیدا میوانداری لیڤەرپولی کرد.

لە تایمی یەکەم ریدز بە تەواوی کۆنترۆڵی یارییەکەی کرد و لە خولەکی حەوتیش محەمەد سەڵاح گۆڵی یەکەمی بە لێدانی سزا بۆ تۆمارکردن، پاش ئەوەش چەندین هەوڵی تریاندا بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و تایمەکە بەو تاکە گۆڵە کۆتایی پێهات.

لە تایمی دووەم پێچەوانەی پێشبینییەکان لیڤەرپول نەیتوانی بگاتە سەر گۆڵەکەی ئەتلەنتا سەرەڕای ئەوەی بە تەواوی کۆنترۆڵی یارییەکەیان کردبوو، لە بەرامبەردا کوڕانی گاسپیرینی بە هێرشی هەڵگەڕاوە یارییاندەکرد و مەترسیان درووست دەکرد، بەڵام هیچ گۆڵێک نەبینرا و سەرەنجام یارییەکە بەو تاکە گۆڵەی تایمی یەکەم کۆتایی پێهات.

بە پشت بەستن بە ئەنجامی یاری پێشووش ئەتلەنتا بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک براوە بوو گەیشتە قۆناغی پێش کۆتایی و لیڤەرپولیش ماڵئاوایکرد.

لە یارییەکی تریشدا بایەر لیڤەرکوزن و وێستهام بە گۆڵێک یەکسان بوون و بە پشت بەستن بە یاری پێشوویان لیڤەرکوزن بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک براوە بوو گەیشتە قۆناغی پێش کۆتایی و تێیدا روبەڕووی رۆما دەبێتەوە.