تۆخێل و ئارتێتا پێش یارییەکەیان چی دەڵێن؟

PM:11:13:16/04/2024

288 جار خوێندراوەتەوە

+ -

تۆخێل پێیوایە چانسی سەرکەوتنی هەردوولا وەک یەکە و ئارتێتاش دەڵێت دەمانەوێت بگەینە قۆناغی داهاتوو.

پێش روبەڕوبوونەوەی ئارسناڵ، تۆماس تۆخێلی راهێنەری بایرن میونشن رایگەیاند، جارێکی تر پێویستیان بە هەموو هۆکارە ئەرێنییەکان دەبێت و دەیانەوێت یارییەکە ببەنەوە، هیواداریشن کەشێکی هاوشێوەی یاری دەرەوەی یاریگایان هەبێت و پێویستیان بە هەموو تاکە هاندەرێکە بچێتە ناو یاریگاوە پشتگیریان بکات بۆ بردنەوە لە ئارسناڵ.

وتیشی: کاتێک سەیری ئەزموونی ئێمە دەکەیت لەم پێشبڕکێیانەدا، ئێمە کەمێک سوودی لێدەبینین، ڕکابەرییەکە لە لوتکەدایە و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ بردنەوە یەک یاریمان ماوە بۆ گەیشتن بە قۆناغی پێش کۆتایی و بەرامبەرەکەمان بەهێزە.

راهێنەرەکە باسی لەوەشکرد سەرەڕای ئەوەی دەیانەوێت بگەنە قۆناغی پێش کۆتایی بەڵام ئەگەری سەرکەوتنی هەردوولا وەک یەکە، نابێت لە بیری بکەن بەرامبەر چی یانەیەکی بەهێزن.

لەلایەکی ترەوە ئارتێتای راهێنەری ئارسناڵ وتی: هیوادارم ئاستێک پێشکەش بکەین کە دەمانباتە قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ، ئامادەکاریمان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە کردووە، دەرفەتێکی باوەڕپێنەکراومان هەیە بۆ ئەوەی ئەو شتە بەدەست بهێنین کە بەدوایدا دەگەڕاین.

ئاماژەی بەوەشکرد، راستە ئەزموونێکی کەمیان هەیە بەڵام ئامادەکارییەکی باشیان کردووە و متمانەی تەواوی بە یاریزانەکانی هەیە و دەیانەوێت سەربکەون و مێژوو بنوسنەوە.