گواردیۆلا: لە ریاڵ مەدرید ناترسین

PM:05:15:16/04/2024

292 جار خوێندراوەتەوە

+ -

گواردیۆلا پێیوایە ریاڵ مەدرید لە وەرزی پێشوو بەهێزترە بەڵام دوپاتیکردەوە لێیان ناترسن.

پێش روبەڕوبوونەوەی ریاڵ مەدرید، پیپ گواردیۆلای راهێنەری مانچستەر سیتی رایگەیاند، ڕکابەریی نێوان هەردوو تیپەکە هەمیشە گەورە بووە و هەمیشەش وا دەبێت، گرنگ ئەوەیە بزانن چی بکەن بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەست بهێنن، وە دەشبێت هەندێک شت بە بەراورد بە یاری یەکەم بگۆڕن لە پێناو پێشکەشکردنی ئاستێکی باشتر.

وتیشی: پێویستمان بە تموح هەیە بۆ ئەوەی لە چامپیۆنزلیگدا ڕکابەری بکەین، دەبێت وزەی پێویست لە یاریگادا سەرف بکەین و پێویستمان بە هاندەران هەیە بۆ ئەوەی پشتگیریمان بکەن، هەندێک جار دەبێت ئازار بچێژیت چونکە مەحاڵە بۆ ماوەی 90 خولەک زاڵ بیت بەسەر بەرامبەردا، ئێمە ئامادەین لە بەرزترین ئاستی خۆماندا یاری بکەین و تەنانەت ئازاریش بچێژین.

راهێنەرەکە سەبارەت بە یاریکردنی واڵکەریش ئاماژەی بەوەدا ئەگەر یاریزانەکە بتوانێت ئامادەبێت بێگومان لە پێکهاتەی سەرەکیدا پشتی پێدەبەستێت چونکە یاریزانێکی پێویستە، دەربارەی بە بێڵینگهامیش باسی لەوە کرد، یاریکردن بۆ ریاڵ مەدرید بەرگەگرتنی فشارەکان لە یانەکەدا کارێکی ئاسان نییە بەڵام بێلینگهام بە تەواوی خۆی گونجاندووە و یاریزانێکی ناوازەیە.

گواردیۆلا نەشیشاردەوە ریاڵ مەدرید هەموو ساڵێک هەر بەهێزە بەڵام ئەمساڵ لە ساڵی پێشوو باشترن، دوپاتیشیکردەوە یاری ئەم وەرزەیان جیاوازە لە وەرزی پێشوو چونکە هەردوو یانەکە فێری شتی جیاوازبوون.

سەبارت بە ترسان لە ریاڵیش راهێنەرەکە وتی: ڕێزیان لێدەگرم، بەڵام ناترسم، من سەرسامم پێیان، ئەگەر ئەوان لێم ببەنەوە وەک چۆن زۆرجار روویداوە پیرۆزباییان لێدەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.