سەردێڕ:

وەزیری پەروەردە.. 'پەروەردەی تایبەت' ت لێ دیارە؟

AM:11:47:24/11/2024
400 جار خوێندراوەتەوە
دانا تەیب مەنمی
+ -

ئاستی پێشکەوتنی وڵاتان زۆر جار به پێشکەوتنی کەرتی پەروەردە و فێرکردن دەپێورێت چونکە دایکی پێشکەوتنی سەرجەم کەرتە زیندووەکانی دیکەی کۆمەڵگەیە.

بەداخەوە لەدوای ڕاپەڕینەوە ئەم کەرتە گرنگە تەواو پشتگوێخراوە، بۆیە ڕۆژبەڕۆژ پەروەردە و فێرکردن پاشەکشێ دەکەن.

بەداخەوە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی بەناو هەرێم هەر لەساڵی ١٩٩٢ ەوە یەکێک بووە لەو وەزارەتانەی زۆرترین ڕەخنە و تۆمەتی هەبوونی گەندەڵی و بێ پلانی ئاڕاستەکراوە.

بەڵام نابێت ڕۆڵی گەشی دەیان هەزار مامۆستا و بەڕێوەبەر و کارمەندی دڵسۆزی ئەم وەزارەتەش نایدەبگرین کە دڵسۆزانە و زۆرجار بێ مووچە و هەندێک جار بە نیوەمووچە و چارەکە مووچە ئەرکی خۆیان ڕاپەڕاندووە و دەیان نەوەی هۆشیار و دلێریان پێ گەیاندووە.

ئێستا یەکێک لەگەورەترین کێشەکانی سیستمی پەروەردە و فێرکردنی ئەم وڵاتە بریتیە لە نەبوونی دیدێکی ڕوون و چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ دەیان هەزار خوێندکار و منداڵانی پەروەردەی تایبەت، کە ئێستا لەحاڵەتەوە بووەتە دیاردە، و قوتابخانە نییە دەیان خوێندکاری پەروەردەی تایبەتی نەبێت و ڕۆژبەڕۆژ حاڵەتەکانی تووشبوون زیاتر دەبێت، ئەویش بەهۆی کاریگەریی نەرێنی ژینگە و تەکنەلۆژیا و میدیا و سۆسیاڵ میدیاوە.

هەرچەندە وەزارەتی پەروەردە بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتی هەیە بەناو پەروەردەی نائاسایی، بەڵام بەداخەوە ئەرکی ئەم دامەزراوەیە زۆر سنوردارە، و بریتیە لە پشتگیریکردنی خوێندکارەکان و ناردنیان بۆ لای لیژنەی پزیشکی و دواتر ناردنی ئەنجامی پشکنین و نوسراوی فەرمی بۆ قوتابخانەکان.

کێشەی منداڵانی پەروەردەی تایبەت لەقۆناغی ناوەندی و پۆلی حەوتی بنەڕەتیەوە قوڵتردەبێتەوە لەبەرنەبوونی مامۆستای پەروەردەی تایبەت و پسپۆڕ لەبوارەکەدا، و هەروەها نەشارەزایی مامۆستایان لەچۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە حاڵەتانەدا. بەداخەوە زۆربەی خوێندکارانی دیکەش بەچاوێکی کەم و کورتەوە تەماشای ئەو منداڵانە دەکەن و ئەوەش گرفتی گەورەی دەروونی و فێرکردن و کۆمەڵایەتی بۆ منداڵەکان و کەسوکاریان دروست دەکات.

ئاگادارم لە دەیان دواناوەندی شاری سلێمانی دەیان خوێندکاری پەروەردەی تایبەت هەن، بەڵام وەزارەتی پەروەردە ئامادەنیە مامۆستای پەروەردەی تایبەتیان بۆ دابین بکان یان ئەگەر بە گرێبەستیش بێت دایان مەزرێنێت.

ئەوەی کێشەکەی قوڵترکردووەتەوە بۆ خوێندکارانی پەروەردەی تایبەت و کەسوکاریان ئەوەیە، تەنانەت ئەم وەزارەتەی کە لەشکرێک لە پسپۆڕ و ڕاوێژکاری بێ فەڕ و بێ کاریان دامەزراندووە، تا ئێستا نەیانتوانیوە ڕێنماییەکی تایبەت دەربچوێنن بۆ چۆنێتی مامەڵەکردنی ئیدارەی قوتابخانەکان لەگەڵ قوتابیانی پەروەردەی تایبەت.

ناکرێت بەهەمان یاسا و ڕێنمایی خوێندکارانی ئاسایی مامەڵە لەگەڵ خوێندکارانی پەروەردەی نائاسایی بکەیت. خۆم بەچاوی خۆم بینیومە دەیان لە کەسوکاری منداڵانی پەروەردەی تایبەت بانگکراون بۆ ئیدارەی قوتابخانەکان و واژۆکردنی بەڵێننامە پێیان و هەڕەشەی دەرکردنی یەکجاری منداڵەکانیان ئەگەر ”ئاقڵیان نەکەن" و بەوتەی بەڕێوەبەرەکان ”ئەوان ئایندەی دەیان خوێندکار ناکەن بە قوربانی چەند خوێندکارێکی پەروەردەی نائاسایی"!

ئەوەی هێندەی زیاتر قوڕەکەی بۆ ئەم خوێندکارانە و کەسوکاریان خەست کردووەتەوە، ئەوەیە تەنانەت خوێندنگا ئەهلییەکانیش نایانگرنە خۆیان و ئامادەنین وەریان بگرن. ئەگەر هێندێک خوێندگاش ئامادەبێت وەریان بگرێت، بەمەرجی ئەوە دەبێت کەسوکاری خوێندکار مامۆستای تایبەت پەیدابکەن و لەگەڵی ڕێککەوتن بکەن و دواتر ئەرکی ماندووبوونی سەرجەم مامۆستاکانی بابەتەکان لەسەر گیرفانی تایبەتی خۆیان بێت، سەرەڕای خوێندنی ساڵانەی خوێندنگا ئەهلییەکە!

ئەرێ گەلۆ ئەمە چی ویژدان و لۆژیکێکە لەم وڵاتەدا؟! باشە وەزارەتی پەروەردە ئەگەر پاساوی ئەوەیە ناتوانێ مامۆستای تایبەت بۆ قوتابخانەکانی خۆی دابین بکات، خۆ دەتوانێت بە بڕیارێک ئەو مەکتەبە ئەهلیانە ناچار بکات خوێندکاری پەروەردەی تایبەت وەرگرن و مامۆستای تایبەتیان بۆ دابین بکەن.

بەداخەوە میدیای کوردی هەتا ئێستا هیچ گرنگییەکی بەم کێشەیە نەداوە، بۆیە وەکو ڕۆژنامەنووسێک کە خۆم لەنزیکەوە ئاگاداری کێشەکانی ئەم خوێندکارانەم به پێویستم زانی ئەم نووسینە بڵاوبکەمەوە، بەڵکو کەسێکی دڵسۆز لەم وڵاتە مابێت و بەردێک بخاتە سەربەردێک و دەستی هەبێت لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاودا.


گەلەری