بۆ پشتیوانی شاسوار عەبدولواحید دەکەم؟
PM:12:44:02/10/2024
2496 جار خوێندراوەتەوە
فائق گوڵپی
+
-
کە لە وتارێکدا یان لە پۆستێکدا پشتگیری نەوەی نوێ دەکەم، ئەندام و لایەنگرانی
حزبە دەسەڵاتدارەکان کێچ دەکەوێتە کەوڵیان و بە توانج و تانە و تەشەر و قسەی نابەجێ،
وەڵامم دەدەنەوە و پەلاماری شاسوار دەدەن، بۆیە منیش لەم نوسینەدا بەراوردێکی
شاسوار و بەرپرسەکانی ئەوان دەکەم.
١.شاسوار بە هزر و سەلیقە و ماندوبوونی
خۆی پێگەیشتووە، وەک بەرپرسەکانی ئێوە لە باب و باپیریانەوە پۆست و سەرمایەی بۆ بەجێ
نەماوە، وەک بەرپرسەکانی ئێوە بە هۆی پێگەی باوک و باپیریانەوە دەستی بەسەر حزب و
حکومەتدا نەگرتووە.
٢.شاسوار گەنجێکی ئازایە، تەقەیان لێکرد و برینداریان کرد، زیندانییانکرد، کەچی
نە کۆڵی دا و نە ورەی روخا، لەسەر تێکۆشانی یاسایی و دیموکراتی و جەماوەری بەردەوامە،
هەندێک لە بەرپرسەکانی ئێوە لە کاتی پاشەکشەی راپەڕین و کۆڕەودا، وا بەرەو ئەودیو
هەڵهاتن، تا مانگێک دوای پاشەکشەی سوپای عێراقیش سەریان بە کوردستاندا نەکردەوە، هەندێکی
تر لە بەرپرسەکانی ئێوە، تا سەدام نەڕوخا روویان بە کوردستاندا نەکردەوە.
٣.پێش ئەوەی بێتە ناو پڕۆسەی سیاسییەوە، شاسوار عەبدولواحید سەرمایەدار بوو،
سەرمایەکەی خۆی لە پێناو سیاسەت و خزمەتی خەڵکدا خەرج کرد و خەرجی دەکات، شاسوار لەو
رۆژەوە سیاسەت دەکات کاسبی ناکات و دەوڵەمەند نەبووە، بەڵام بەرپرسەکانی ئێوە پێش
ئەوەی بچنە ناو پڕۆسەی سیاسییەوە، سەرمایەدار نەبوون، هەژار و نەدار بوون، لە رێگەی
حزب و حکومەت و پەرلەمانەوە بوون بە سەرمایەداری کۆمبرادۆر*
٤.مەرجەعی سیاسیی شاسوار دەوڵەتی عێراقی فیدراڵییە کە کورد لە دروستکردنەوەیدا
بەشداری کردوە و لە دەستورەکەیدا مافی گەلی کوردی گەرەنتی کردوە، مەرجەعی سیاسیی سەرکردەکانی
ئێوە تورکیا و ئێرانن، کە بە گوێرەی بەندەکانی دەستوری عێراقی فیدراڵی هەڵسوکەوتمان
لەگەڵ ناکەن، بە هەرێمی کوردستان دەڵێن باکوری عێراق و دەیانەوێت هەرێمی کوردستان
وەک لوبنان لێ بکەن.
٥.شاسوار سەرمایەکەی خۆی لە کوردستاندا بەکار بردووە، بە کردنەوەی کەناڵی راگەیاندن
و پڕۆژەی نیشتەجێبوون و پارکی جوانکردنی شار و باخچەی ئاژەڵان و نوژەنکردنەوەی یاریگا
و پرد و رێگەوبان کوردستانی ئاوەدان کردووەتەوە و دەرفەتی کاری بۆ خەڵک فەراهەم
کردووە، سەرکردەکانی ئێوە سەرمایەی سەرزەمین و ژێرزەمینی کوردستان و قوتی خەڵک قوت
دەدەن، کەس نازانێت لە کوێ هەڵیدەهێننەوە، کەس سود لە سەرمایە دزراوەکانیشیان وەرناگرێت.
٦.شاسوار هێزی چەکداری نییە، شەڕی ناوخۆی هیچکام لە حزبە کوردییەکانی نەکردووە
و نایکات، لە ئێستە و لە داهاتودا مەترسی لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتیی خەڵکی کوردستان
دروست ناکات، سەرکردەکانی ئێوە چەندان خولی شەڕی خوێناویان لەگەڵ یەکتری و لەگەڵ
کوردی پارچەکانی تری کوردستاندا کردووە، پێش سوپای وڵاتان کەوتون و سەروەری خاکی هەرێم
و عێراقیان پێشێل کردووە و کوردیان کوشتووە، ئاشتیی کۆمەڵایەتیی کوردستانیان تێکداوە
و هیچ هەنگاوێکیان بۆ گێرانەوەی ئاشتیی کۆمەڵایەتیی کوردستان نەناوە.
٧.ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە کاریگەری زۆری لە سەر من بەجێهێشتووە، کۆمپانیای
نالیای شاسوار عەبدولواحید فلیمی ١٩٨٨ لەسەر کیمیابارانی هەڵەبجە دەرکرد، لەسەر پێشنیاری
فراکسیۆنی نەوەی نوێ حکومەتی عێراق رؤژی ١٦-٣ رۆژی کیمیابارانی هەلەبجەی کرد بە
پشووی فەرمی، سەرکردە کۆن و نوێکانی ئێوە ئەو دۆزەی کوردیان بە گرنگ سەیر نەکردووە،
چەندان سەرکردەی رژێمی بەعسیان لە هەولێر و سلێمانی پاراست و ئەنفالچییەکانیشیان
ئازاد کرد، ئەو هەموو پارە و هونەرمەندەیان لەبەر دەستدا بوو نە فلیمێک و نە زنجیرە
تەلەڤزیۆنێکیان لەسەر ئەنفال و کیمیاباران دروست نەکرد و کاریان نەکرد بۆ ئەوەی
حکومەتی عێراق جینۆسایدی ئەنفال و کیمیاباران بە فەرمی بناسێت.
٨.نەوەی نوێ لە زستاندا بە نەوتی خۆڕایی هاوکاری ماڵە هەژارەکان دەکات، لە
هاویندا بێبەرامبەر ئاو بەسەر ئەو ماڵانەدا دابەشدەکات کە ئاویان نییە، سەرکردەکانی
ئێوە نەوت بە گرانتر لە نرخی عێراق بە خەڵکی کوردستان دەفرۆشن، جۆرەها باجیان لەسەر
خەڵک داناوە، سەرکردەکانی ئێوە لە کاتی ڕاپەڕیندا سەدی بێخمەیان هەراجکرد و رێگەیان
نەدا دەوڵەتی عێراقی فیدراڵی سەدی بێخمە دروست بکاتەوە، سلێمانی لەنێوان دوو دەریاچەی
دوکان و دەربەندیخاندایە، لە دوای ڕاپەڕینەوە تا ئەمڕۆ کێشەی ئاوی سلێمانی و چەمچەماڵ
و دەربەندیخانیان چارەسەر نەکرد.
٩.پەرلەمانتارەکانی نەوەی نوێ لە هەرێمی کوردستان، کە پەرلەمانی کوردستان بە
نایاسایی درێژکرایەوە هەڵوێستیان نیشاندا، مووچەی ئەو پەرلەمانە نایاساییەیان وەرنەگرت،
سکاڵایان دژی درێژکردنەوەی نایاسایی پەرلەمان لە دادگای فیدراڵی تومارکرد، کە پەرلەمان
کۆتاییهات ئیمتیازی خانەنیشینی پەرلەمانیان وەرنەگرت، پەرلەمانتارەکانی سەر بە حزبە
دەسەلاتدارەکانی ئێوە، بە نایاسایی تەمەنی پەرلەمانیان درێژکردەوە، مووچەی سەردەمی
پەرلەمانی نایاساییان وەرگرت، هەموشیان خۆیان خانەنشین کرد.
*سەرمایەداری کۆمبرادۆر، پیكهاتەیەکی نانیشتمانییە، لە باتی ئەوەی خزمەتی وڵاتەکەی
خۆیبکات، دەبێتە کۆیلەی سەرمایەداری وڵاتانی تر و خزمەتی ئەو وڵاتانە دەکات.