کاتی دادگایی کردنی ریفراندۆمچییەکانە
PM:01:57:21/09/2023
16376 جار خوێندراوەتەوە
بەهرۆز حاجی
+
-
ئەو ڕیفراندۆمەی بەناوی سەربەخۆیی
لە ٢٠١٧ ئەنجامدراو،لە ئەنجامی یەکڕیزی کۆی حیزبەکانی کوردستان بوو، جگە لە نەوەی
نوێ، قومارێک بوو، بەدۆزی ڕەوای گەلێکەوە کرا، بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای دەرەکی، ئەو
ئەمیندار و سەرۆک حیزبانەی، بەڕۆژێک پێش ئەنجامدانی، بەڵێنی دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوییان
بەکورد داو لەگەڵ کۆتایی قفڵی سندووقەکانی ڕاپرسییەکەدا، پەشیمان بوونەوە و وتیان
بۆ سەربەخۆیی نییە!دەبێت دادگایی بکرێن،لەکاتی گونجاودا.
پێویستی لێپرسینەوەو دادگایی
کردنی سەرانی بەڵێ بۆسەربەخۆیی،جگە لەبەڵێنی چەواشەکاری بە خەڵکی کوردستانی عێراق،لەڕووی
ئابووری و سیاسییەوە پێگەی هەرێمەکەیان لەنێو چوارچێوەی عێراقدا،بەرەو ڕۆژگارێکی سەخت
برد،کە ڕۆژ دوای ڕۆژ میللەت باجەکەی دەدات.خراپبوونی گوزەران و بازاڕو بێ مووچەیی
و وەستانی پرۆژەی خزمەتگوزاری و سست بوونی وەبەرهێنان ،بەشێکن لەلێکەوتەی قوماری ڕیفراندۆم.
وەلێ مانەوەی ئەو حیزب و کەسایەتییانەی
ڕیفراندۆمیان ئەنجامداو بوونە هۆکاری داکەوتنی هەرێمی کوردستان لەهەموو سێکتەرەکانەوە،هێندەی
تر بۆدواوە ڕۆیشتنە.
کەواتە جگە لەپێویستی دادگایی کردنی نێو قەفەزی ئەوانەی قومارەیان بەچارەنووسی
خەڵک و خاکی گەلێکی خاوەن دۆزێکی سەدان ساڵەوە کرد،پێش ئەوە،دادگاییکردنیان پێویستە
لەلایەن گەلەوە،کە هەڵبژاردنە،لەداهاتوودا،چونکە مانەوەیان لەدەسەڵاتدا،هاوشێوەی
قومارەکەی خۆیانە،بۆ سەر هەرێم و گەلەکەشی.