سەردێڕ:

دوو سانتیمەتر و دەیان میل لە داگیرکاری

PM:11:43:04/06/2023
2028 جار خوێندراوەتەوە
سەردەشت محەمەد
+ -

بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەکی هێزەکانی تاڵیبان لەسەر سنووری نێوان تاڵیبان و ئێران کە چۆن ڕێگری لە تیمی ئەندازەی ئێرانییەکان دەکەن، لەبەرامبەر ئەوەی ئێرانییەکان لە کاتی دیاریکردنی سنووردا تەنها دوو سانتیمەتر و نیو، هاتوونەتە نا و خاکی تاڵیبانەوە، ئەو راستییەی بە بیر هێناینەوە کە پاراستنی خاک پاراستنی شەرەفە.

ئەم گرتە ڤیدیۆیە پێی وتین هەر هێزێک لە دونیادا ئەگەر ئیرادە و ویستی پارێزگاری کردنی لە ئاو و خاکی خۆی هەبێت لە هەر ئاست و توانایەکدابێت ئەوا بێشک دەتوانێت لە دوا جاردا هەر سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، ئەگەرچی نە بەرامبەری لە هێز و تواناشدا هەبێت لەگەڵ هێزی داگیرکەردا. ئەمە راستییەکی تازە درک پێکراو نییە، بەڵکو مێژووی مرۆڤایەتی سەدان نمونەی وەهای تێدایە و تەنانەت ئێمەی کوردی باشوریش لە رابردوودا نمونەیەک بووین لە و سەدان نمونەیەی کە لە مێژوودا هەیە.

سەردەمانێک هێزە کوردییەکان نە لەڕووی ژمارە و نە لە رووی هێز و چەک و تەقەمەنی و پشتگیری نێودەوڵەتییەوە لەو ئاستەدا نەبوون کە رووبەڕووی هێزێکی داگیرکەر و دڕندەی وەک بەعس بوەستنەوە، بەڵام چونکە خاوەن ئیردایەکی بەهێز بوون ئەوا سەرئەنجام توانیان سوود لەو هەلە مێژوویانە وەربگرن کە بۆیان پێشهات و دواجار باشووری کوردستانیان ئازاد کرد.

بەداخەوە ئێستا بارودۆخەکە سەدان هێندە پێچەوانە بووەتەوە، ژمارەی هێزەکان و چەک و تەقەمەنی و پشتگیرییە نێودەوڵەتییەکان دەیان هێندە زیادیان کردووە، کەچی تەنها ئیرادەی پارێزگاریکردنمان لەدەست داوە هەر بۆیە رۆژانە دەوڵەتە داگیرکەرەکان دەبینین چۆن بەئاسانی ئاسمانی کوردستان تێ دەپەڕێنن و چۆنیان بوێت و کوێیان بوێت تۆپ بارانی دەکەن و نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو هەریەکەیان سەدان کیلۆمەتریان لە خاکی کوردستان داگیرکردووە و سەیرە هێشتا خۆیان بە غەدرلێکراو دەزانن، تا ئێرە بەس نییە بۆ ئەوەی بڵێن ئەم داگیرکارییە جێگەی داخە، بەڵکو لەوە سەختر ئەو دڵسۆزییەی بەشێکی زۆری هێزە کوردییەکانە کە بۆ دەوڵەتە داگیرکەرەکان هەیانە وە هەریەکەیان چەندین ساڵە دوژمنەکانمان وەک دۆستێک و فریادڕەسێک پێ دەناسێن و پێیان شەرم نییە کە بە بەرچاوی ئێمە و دونیاشەوە دەستیان دەگرن و پێشیان دەکەون بۆ داگیرکردنی خاکی کوردستان.

گەلەری