سەردێڕ:

ئەگەر هەڵبژاردن بەم شێوەیە نەكرێ

PM:02:58:29/05/2023
6408 جار خوێندراوەتەوە
سۆزان حەمە تاتە
+ -

ئەزموونی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، سێ دەیەی تێپەڕاند، تەمەنی ئەزموونەكە زۆرە، بەڵام هێشتا بێ گرێ و گۆڵ تێنەپەڕیوە، ئەمە یانی هێشتا ئەزموونی دیموكراسی لە هەرێمەكەمان ناجێگیرە، پێویستی بە چەسپینی زیاتر هەیە لەگەڵ ئیرادەی سیاسیی راستەقینەی هێزەكانی بەشدار لە پرۆسەكە.

بوونی جیاوازیی سیاسی لەبارەی هەڵبژاردنەوە، مانای قەیرانێكی بێ چارەسەر نییە هێندەی ئەوەی گوازرشتە لە بوونی ویستی سیاسی بۆ باش بەڕێوەچوونی پرۆسەكە، بەڵام ئەمە نابێت بگاتە رادەی پەكخستنی، بەڵكو دەبێت دەرفەت بڕەخسێنێ بۆ هێنانەكایەی سیستمێكی هەڵبژاردن كە ببێتە دەستەبەری پاك بەڕێوەچوونی و دەركەوتنی سەنگی راستەقینەی هێزەكان كە ئەوەش رۆڵی سەرەكیی لە بەرەوپێشبردنی فەرمانڕەوایی و چاكسازیی و چەسپینی سیستمی دیموكراسیدا دەبێت.

بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن تەنها دەنگدان گرنگ نییە، بەڵكو بوونی كۆمسیۆنی سەربەخۆ و شارەزا، تۆماری دەنگدەرانی خاوێن، یاسای هەڵبژاردنی تەندروست و رەخساندنی زەمینەی سیاسیی لەبار گرنگن، ئەمانە نەبێت، مانای وایە هەڵبژاردن نابێتە هۆی هێنانە كایەی گۆڕانكاریی راستەقینە و فەرمانڕەواییەكی خزمەتگوزاری بەرپرسیار.

زۆر ئەزموونی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچن كە نابنە هۆكاری چەسپینی بنەماكانی دیموكراسی، هێنانەكایەی دادپەروەری و یەكسانی، نابنە هۆی بەشداریی راستەقینەی خەڵكی بەتایبەتی ژنان و زیاتر رۆڵبینینیان، ئەگەر ئەمە روونەدات، ئەوا هەڵبژاردن هیچ مانایەكی راستەقینەی نابێت جگە لە بانگەشەكردن بۆ دیموكراسییەكی رووكەش.

دیموكراسی بانگەشە نییە بە تەنها، بەڵكو پرۆسەی ئاڵوگۆڕە لە دەسەڵات، دۆڕان و سەركەوتنە، تاقیكردنەوەی دەسەڵاتە لای خەڵك، نوێبوونەوەیە، برەودانە بە ململانێ لەسەر زیاتر خزمەتكردن، خەڵك بڕیاردەرە لەسەر هێزەكان.

بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت پێوەری چەسپاوی دیموكراسی هەبن، سازانی نیشتمانی شوێنی ململانێێ شكێنەر بگرێتەوە، بارودۆخی كوردستان بە هەموو پێوەرەكان جیاوازە، چونكە هێشتا دیموكراسییەكی راستەقینەنەچەسپیوە، ئەگەر چاك نەكرێ، دوور نییە تێكبچێت.

بەرپرسیارێتی راستەقینە ئەوەیە، هێزەكانی هەرێمی كوردستان بسازێن لەپێناوی پاراستنی خەڵك و ئەزموونەكە، زۆرینە و كەمینەی پەرلەمانی نابێ بكرێتە پێوەر بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردن، ئەوە هەرێمی كوردستان بەرەو توونێلێكی تاریك و ترسناك دەبات، كە بارودۆخەكە تێكچوو زیانمەندی یەكەم خەڵكی هەرێمی كوردستانە، كە بە پێچەوانەوە شایانی ئەوەن باشترین خزمەت بكرێن نەك بكرێنە قوربانی. 

گەلەری