٣١ ی ئاب لە ئاوێنەی مێژوودا
PM:01:26:31/08/2021
10912 جار خوێندراوەتەوە
کەمال محەمەد
+
-
ھەریەکێک لە رۆژەکان زۆر جاران گوزارشت لە روداوێک دەکەن، ھاوتای ئەمرۆش لە مێژووی باشوردا خۆی لە روداوێک ئەبینێتەوە کە بەھۆی دۆخی پڕ لە ناکۆکی و مەترسیداری دوحیزبی دەسەڵاتدارەوە ھاتە بوون، ئەگەر سەرنجێکی بدەین تەواوی ڕوداوەکان لەوسەردەمەدا پێچەوانەی ئەرکە شۆڕشگێڕییەکانیانی نیشان ئەدا کە بەڵێنیان وڵاتێکی ئازاد و کۆمەڵگایەکی دیموکرات بوو، ئاشکرایە لە پاڵ ئەم بەڵێنانەشدا خوێنی چەندین ڕۆڵەی ئەم میللەتەیان کردە قوربانی لە پێناویدا.
ئەوانەی لە پێناو گەل و خاکەکەیاندا وەکو قارەمانێکی راستەقینە پەیڕەوکارێکی پەیڕەوکردنی ڕێسا پیرۆزەکانی عەشقی ئازادی و نیشتمان بون، بەڵام ڕۆژی ٣١ ی ئاب ئەو روداوەی کە بەسەر دامودەزگاو خاکە تازەئازادکراوەکەی کوردستاندا ھات لەدوای ڕاپەرین پێمان ئەڵێت کە عەشق بۆ ئازادی بەو روداوانە نە ئەچوو کە دەبینران، لە کاتێکدا ھێشتا لایەنگرانی ئەنجامدانی شەڕی شۆڕشگێڕی لەچاوەروانی بەرەیەکی بەھێزی حیزبەکاندا بون بۆ پارێزگاریکردن لە ھەبونی زیاتر و مانەوەی دەستکەوتەکان.
سەرەنجام سەرکێشییەکی گەورەی لایەنێکی حیزبی لەسەر بنەمای پشت بەستن بەو ڕژێمەی کە بەدرێژایی مێژوو روبەرووی گەلی کوردستان لەمەیداندا بوو، ئەمە بژارێکی مەترسیدار بوو بۆ مێژوی گەلەکەمان،٣١ ی ئاب دەرەنجامی ئەو ململانێیە بو بۆ ئەوەی یەکێکیان بەو پلەو پایە بگەن کە ھێندەی شاخ و دۆڵەکانی کوردستان ھەوڵ و کۆشش و خوێنی ڕژاوی ڕۆڵەکانیان لەبەر چاوان نەگرتبوو، رووداوەکانی ئەو سەردەمە پێمان ئەڵێت کە ھەرگیز ئەمجۆرە ھەڵوێست و رەفتارانە ئەرێ ناکرێن لە مێژوودا کە راستیدا بەواتای یاری کردن بو بە شەرەف وکەرامەتی گەلێک کە روبارێک خوێنی بۆ ڕشتبوو ئەوانەی ھۆکاری ئەو ڕوداوانە و دوبارە گەڕانەوەی پۆستاڵی سەربازانی داگیرکەری ڕژێمی بەعس و زرێپۆشەکانیان بون ناتوانن بەرامبەر بە مێژوو خۆیان لە ژێر باری بەرپرسیارێتییەکی قورسدا دەرباز بکەن، بۆیە ٣١ ی ئاب ئەو ڕۆژە بو کە ناتوانرێ بەئاسانی تێپەڕێندرێ و باس لە قوربانی و دەرەنجامەکانی نەکرێت کە چۆن دوبارە خوێنی کورد بەدەستی ئەوانە ڕژانەوە کە لە مێژە بەحەسرەتییەوەن، تەواوی ئەمانەش ھۆکارەکەی بەرژەوەندی پەرەستی و زێدەرۆیی تاکپەرەستی حیزبی کوردی نیشان ئەدات لەبەرامبەر یەکدیدا.
پێویستە مێژوونوسەکان بەشێوەکی راست باسی ھۆکار و دەرەنجامەکانی ئەم ڕوداوەو کۆی ڕوداوەکانی دیکەش بکەن بۆ ئەوەی ڕووی قێزەون و بکوژی خۆیان لە ئاوێنەی راستییەکاندا بمێنێتەوەو ببینرێت، ئێستا و دوای چەندین ساڵ لەم روداوانە گەرەنتی سەرەکی دوبارە نەکردنەوەی ڕۆژەڕەشەکانی مێژوو ئەوەیە کە چۆن و بە چ عەقلییەتێکەوە پێشوازی لە ڕۆژەکانی مێژوو بکرێت چونکە ھەلومەرجی ناو خۆو دەرەوەش ھێندە لەبار نییە بۆ ئەوانەی لە میانەی زھنییەتێکی موحافەزەکارەوە کە ئەم ڕۆژە بە دەستکەوت ئەزانن بکەونە سەنگەری ئەوانەی کە ئەوێ ڕۆژێ بە شوم و نەھامەتی بۆ گەلەکەمان ئەزانن ،بۆیە ڕۆژەکان و ئەو ڕوداوانەی تێیدا رویداون لە ئاوێنەی مێژودا وەڵامی ھەمو ئەو کەس و لایەنانە ئەداتەوە کە نایانەوێت راستییەکان ببینین و خۆیان بەملاو ئەولادا ئەبەن و بەھانە ئەدۆزنەوە !.