پەرلەمانتاری دووڕوو
PM:09:32:24/09/2022
7000 جار خوێندراوەتەوە
بەختیار شاوەیس
+
-
(نەپێویستم بەسەرجێی بوە، نەئێستا و نەلەداهاتوو
پێویستم بەسەر جێی نیە) پەرلەمانتارێک لەکۆبونەوەکەی پەرلەمان بەم شێوەیە دژایەتی
خۆی بۆ پرۆژەیاسای توندوتیژی خێزانی دەربڕی و رەتیکردەوە. دیارە نەک هەر ئەم پەرلەمانتارە،
بەڵکو لەو کۆبوونەوەیە پاڵەوان ئەوە بوو کە بە رستەیەکی سەرنجراکێش دژایەتی پرۆژە یاساکە
بکات و لەشاشەکانەوە خەڵک بیبینێ و چەپڵەی بۆلێبدات.
دواتر کەناوەرۆکی پرۆژە یاساکە بڵاوکرایەوە و
واژووی ئەوانە زانرا کە بەرزیان کردوەتەوە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان، وەک ئەوەی دەڵێن
قولی رەش و سپی دەرکەوت ئیتر دێمەنێک تەواو جیاواز لای خەڵک رۆشن بویەوە.
دیمەنی ئەم چەند رۆژەی بەشێک لەو پەرلەمانتارانە
کە بەهۆکاری پرۆژەیاسای توندوتیژی خێزانیەوە دەرکەوتووە بەمانا قوڵەکەی مایەی پێکەنین و گریانە.
مایەی پێکەنینە کە هێشتا مرەکەبی سەرکاغەزی ئیمزاکانیان
وشک نەبووبویەوە، بەڵام هوتاف و دروشمە بریقەدارەکانیان گوێی دنیای کەڕ دەکرد. هەروەک
مایەی گریانیشە کە ئێمە خاوەنی جۆرە کەسانێک بین کەنوێنەرایەتی خەڵک دەکەن، بەڵام
ئەوەندە دووڕوو و دووفاقن لەگەڵ خوا و خەڵک و ویژدانی مردوویان، هەروەک راستگۆیش نین
لەگەڵ ئەو ئەمانەتە گەورەیەی کەخراوەتە سەرشانیان.
پەرلەمان کە بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانان و پێویستە
چاودێریکەری کارەکانی حکومەت و پارێزەری مافی خەڵک بێت، ئەگەر بەشێک لە کارەکتەرەکانی
بەم شێوەیە بن و کوالێتیەکەیان بەوجۆرە نزم بێ، دواجار ئەو فەزایەی لێ بەرهەم دێت
کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە. لەبری چاودێری حکومەت، حکومەت رەقیبی ئەو دەکات
و دەبێتە کارگەی بەرهەمهێنانی ئەو یاسا و بریار و رێنماییانەی کە حکومەت بۆی دەنێرێ
و ئەمیش پەسەندیان دەکات( لەم خولەدا لەکۆی ٢٥ پرۆژە ٢٢ یان لەحکومەتەوە بۆی هاتووە
و پەرلەمان شەرعانویەتی).
پەرلەمانتار کاتێک بەدزیەوە ئیمزا دەکات و بە ئاشکرایش
دژی ئیمزاکەی هات و هاوار دەکات ، ئەوا یان:
١-متمانە و بروای بەخۆی نیە و کەسێکیش بروای بەخۆی نەبێ، ئەستەمە
نوێنەری خەڵک بێت.
٢- پرۆژە یاساکەی نەخوێندوەتەوە و ئیمزای کردوە کەئەمەش
مانای نەخوێنەوارە و نابێ نمایندەی میللەت بکات.
٣- بەئەمر ئیمزای پێکراوە و ئەمەیش کۆیلەیەکی عەیار بیست و
چوارە و کۆیللە ناتوانێ خۆی رزگار بکات چ جای میللەتەکەی.