سەردێڕ:

کێ بەرپرسەی لەو غەدرەی لەگەرمیان دەکرێت؟ دووسایدی کەلار-سلێمانی بەنموونە

PM:04:02:03/05/2022
8828 جار خوێندراوەتەوە
عەدنان سەیدحسێن
+ -


"رۆژی (دووشەمە) یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان بەھۆی پێنج رووداوی ھاتوچۆوە لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی گەرمیان ھەشت کەس برینداربوون". 

ئەوە دەقی یەکەم راگەیەنراوی بەڕێوبەرایەتی گشتی ھاتوچۆی گەرمیانە، لەیەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆزدا. 

گەرمیانییەکان ساڵانێکە بەدەست خراپی رێگاو بانەکانەوە دەناڵێنن، تەنھا لەماوەی ئەم ھەفتەدا١٦ ئۆتۆمبیل زیانمەند بوون، بەھۆیەوە دوو کەس گیانیانلەدەستداو ١٣کەسیش بریندار بوون شەش لەئۆمبیلەکانیش لەرووداوی تۆنێلەکەی دەربندیخاندا بەتەواوەتی سووتا.

١٦ بەنیسبەت بەرپرسێکەوە تەنھا ژمارەیەکەو لەکۆتایی ساڵدا وەک ئامارێک رادەگەیەنرێت، بەڵام بۆ خاوەن ئۆتۆمبیلێکی زیانلێکەوتوو لەدەستدانی پارەی دەیان ساڵە لەکارکردن وشەونخوونی و مایەپوچبوونی خێزانێک و نەمانی سەرچاوەی داھاتی دەیان خێزانە.

ئەگەرچی ئامارێکی روون و دەقیق نیە لەسەر رووداوەکانی ھاتووچۆی رێگای کەلار سلێمانی، بەھۆی سنوری چەند بەڕێوبەرایەتیەکی جیاوازەوە، بەڵام بە بەرچاوگرتنی ئاماری ئەم ھەفتە رووداوەکان کارەساتبارن.

بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوبەرایەتی گشتی ھاتوچۆی ھەرێم تەنھا لەساڵی ٢٠٢١ دا، زیاتر لە ٤ ھەزار و ١١٩ رووداوی ھاتووچۆ تۆمارکراوە، لە ئەنجامدا ٦٦٢ ھاووڵاتی ھەرێمی کوردستان بەھۆی رووداوەکانی ھاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و ٧ ھەزار و ٢٢٠ کەسی دیکەش برینداربوونە ". 

بەشی سەرەکی رووداوەکان بۆ یەک خاڵ دەگەڕێتەوە، خراپی و تاکسایدی رێگاکانە، بەم ژمارانەش دەزانین کێ بەرپرسیارە لە بەھەدەر چوونی گیان و ماڵی گەرمیانییەکان

رێگای مەرگ

پرۆژەی جووت سایدی رێگای کەلار- سلێمانی لەساڵی ٢٠١٣ بڕیاری جێبەجێکردنی دراوە ھەر بۆ زانیاریتان بوجەی ھەرێم لەساڵی ٢٠١٣ دا ١٥ تریلیۆن و ٢٥٧ ملیار و ٨٤٩ ملیۆن دینار بووە، واتا ئەو کات حکومەتەکەی پارتی و یەکێتی بەئاسانی و بەبێ ھیچ بارگرانییەک لەسەر بوجە دەیانتوانی ئەنجامی بدەن بەڵام نەیانکرد. 

پرۆژەکە چەند جارێک بەقودرەتی قادر ھێنراو براوە، تاوەکو لە ١٩ی ١٢ی ٢٠١٧ لەسەردەمی کابینەی ھەشتەمدا جارێکی دیکە بەردی قۆناخی دووەمی جووتسایدکردنی رێگای کەلار - دەربەندیخان بەدرێژی ٤١ کیلۆمەتر دانرا و بڕیار بوو لە ماوەی ٥٤٠ رۆژدا تەواوبکرێت، بەڵام بەھۆی کەڵەکەبوونی قەرزی کۆمپانیای جێبەجێکار لەلای حکومەت، چەندینجار کارکردن لە پڕۆژەکە راگیراوە و تائێستا تەنیا ٥٥٪ ی تەواوکراوە. 

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئامارە دەبێت نزیکەی ٢٠ کم مابێت بۆ ئەم قۆناغە، چەند مانگێک لەمەوپێش بەڕێوەبەری رێگاوبانی گەرمیان رایگەیاندبوو، لە ٢٠٢١دا بۆ پرۆژەکە داوای ٧٠ ملیار دینارمان کردووە بەڵام تەنیا ١٠ ملیار دیناریان بۆ خەرجکردین و "بەھۆیەوە ناتوانن شایستە داراییەکانی بەڵێندەران بدەن". 

کەواتە بەرپرسی یەکەم حکومەتی پارتی و یەکێتی و گۆڕانە کە نەیانویستووە، پارە بۆ پرۆژەکە تەرخان بکەن، لەکاتێکدا ئەو بڕە پارەیە دەتوانرێت بەپارەی چەند رۆژێکی مەرزەکانی پەروێزخان و پشتە دابین بکەن واتا لەداھاتی گەرمیانییەکان خۆیان ئەوەش بەبێ داھاتی نەوتی حەسیرەو دەیان باجی جیاوازی حکومەت ھەر لەراگرتنی ئۆتۆمبیل لەسەر شەقامێکی گشتی تادەگاتە فرۆشتنی زەوییە باشەکان و موڵکی حکومەت بەکەرتی تایبەت! 

ئەی ھەر بەراست پارە نیە؟

بۆ ئەوەش دەگەڕێینەوە بۆ ئامارەکانی حکومەتی ھەرێم، بەبۆنەی تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێی کوردستان، نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پەرتوکێکی بڵاو کردەوە بە ناوی "کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان چاکسازی و خزمەتگوزاری ١٠ی٧ی ٢٠١٩تاوەکو ١ی٥ی ٢٠٢١ " ، لاپەڕە (٩٠-٩٨)ی پەرتوکەکەی تەرخان کردووە بۆ چالاکییەکانی "وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن" لەبەشێکی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە پرۆژە تەواکراوەکانی کەرتی ڕێگاوبان خراوەتەڕوو، تێدا ھاتووە. 

بەپێی ڕاپۆرتەکەی ئەنجومەنی وەزیران، لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان (٤٨) پرۆژەی ڕێگاو بان تەواوکراون بە گوژمەی (٤٠٧ ملیارو ٣٩٧ ملیۆن دینار)، بەشی ھەرە زۆری پرۆژەکان دەکەوێتە سنوری پارێزگای ھەولێرەو بەدوای ئەویشدا پارێزگای دھۆک و پاشان پارێزگای سلێمانی دێت. 

ئەوەی جێگای سەرنجە (٥ %) ئەو گوژمەیەی بۆ پرۆژەکانی ڕێگاوبان تەرخان کراوە لە زۆنی سەوزدا بووە، (٩٥%) لە زۆنی زەرد و لە پارێزگاکانی ھەولێرو دھۆک خەرج کراون

کەوتا بەداتاکان بێت دیارە جووت سایدی کەلار- سلێمانی بۆچی دواخراوەو نەکراوەو دیارە کێیش بەرپرسە لەدەستچوونی گیان و ماڵی گەرمیانییەکان. 

گەلەری