رۆڵی دادگای فیدراڵی لە سزادانی حیزبە سیاسیەکاندا
PM:04:36:16/03/2022
5164 جار خوێندراوەتەوە
رێبوار محمد ساڵح
+
-
لەلایەن ئەندامێکی
پەرلەمانی عێراقەوە ( النائب عالیة نصيف – وكليها المحامي محمد مجید الساعدی) سکاڵایەک لە دادگای فیدراڵی لە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان، تۆمار کراوە و داوا دەکات پارتی سزا
بدات بە هەڵوەشانەوە و کاندیدەکەیان بۆ سەرۆک کۆمار دوور بخاتەوە .
پەیوەندیدار بەم
پرسە چەن سەرنجێکی یاسایی دەخەینە روو بەشێوەی پرسیار و وەڵام :
یەکەم / ئایا دەکرێ
حیزبی سیاسی سزای یاسایی بدرێت ؟
بەلێ ، لەبەرئەوەی
هەر حیزبێک لەدوای دامەزراندنی، کەسێتی یاسایی معنوی وەردەگرێ و دەبێت پابەندی دەستور
و یاسا بەرکارەکان بێت .
سزاکەش بریتیە لە
هەڵوەشانەوەی حیزب و بڕینی هاوکارییە مادییەکانی
و راگرتنی لە کارو و چالاکی بۆ ماوەی ٦ مانگ ، هەر یەکێک لەم سزایانە بەپێی جۆری سەرپێچییەکە
دەگۆرێ و لە یاسای حیزبەکان ژمارە ٣٦ ی ساڵی ٢٠١٥ ی عێراقی دا هاتووە .
دووەم/ ئایا دەکرێ
حیزبێک لە پرۆسەی سیاسی دوور بخرێتەوە و رێگەی پێنەدرێ بەشداری دەسەلات بێت ؟
بەڵێ، لە هەندێک
حاڵەتدا دەشێ حیزبی سیاسی لەپرۆسەی سیاسی و دەسەلات دوور بخرێتەوە ، بەتایبەت کاتێک
سەرپێچێیەک دەکات کە شیاوی ( حل ) هەڵوەشانەوە بێت، لەم کاتەدا لەگەڵ سزاکەیدا
راستەوخۆ لە پرۆسەی سیاسی و حوکمرانی دووردەخرێتەوە ، یەکێک لەو حالەتانەش بریتیە
لە سەرپێچی کردنی دەستور و پابەندنەبوون بەو بریارانەی کە هێزی دەستوریان هەیە .
سێیەم / ئایا
دادگای فیدراڵی تایبەتمەندە بە سزادانی حیزبی سیاسی و هەڵوەشانەوەی ؟
نەخێرسزادانی حیزبی
سیاسی دەسەڵاتی دادگای فیدرالی نیە ، بەلکوسزادانی حیزب دەبێت بە سکاڵایەک بێت کە ئاراستەی فەرمانگەی حیزبەکان بکرێ و
دواتر لەلایەن محکمەی موضوعەوە سکاڵاکە یەکلایی
دەکرێتەوە بە سزادانی حیزب یاخود بە ردکردنەوەی سکاڵاکە ، محکمەی موضوعیش بریتیە لە
دەستەی دادوەری هەڵبژاردن .
چوارەم / ئەی رۆڵی
دادگای فیدرالی لەم پرسەدا چی دەبێت ؟
رۆڵی دادگای فیدراڵی
ئەوەیە کە هەر لایەنێکی سکاڵاکە بریاری محکمەی موضوع لە دژی بوو دەتوانێ تانەبدات
لە بریارەکە بۆ بەردەم دادگای فیدراڵی پشت بەست بە مادەی ٩٣ ی دەستور و مادەی ٣٢/
رابعا لە یاسای ژمارە ٣٦ ی ساڵی ٢٠١٥ .
پێنجەم / ئایا دەشێ
یەکێک لە سزاکان دوورخستنەوەی کاندیدی سەرۆک کۆمار بێت ؟
سەرەتا دەبێت ئەوە
بزانین کە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار شخصیە و پەیوەندی بە حیزبەوە نیە لە
رووی یاساییەوە ، واتە هەر هاووڵاتیەکی عێراقی مەرجەکانی تێدابوو دەتوانێ خۆی کاندید
بکات ئیتر ئەندامی حیزبێت یان نا .
بۆیە دەتوانین بڵێین
نەخێر سزادانی حیزب پەیوەندی بە پۆستی سەرۆک کۆمارەوە نیە و لەسەر تاوانی حیزب هیچ
کەسیك لەکاندیدانی سەرۆک کۆمار دوورناخرێتەوە.
پشتبەست بەو وەڵامانەی
درانەوە ، دەتوانین پێشبینی ئەوە بکەین کە سکاڵای ناو براو لەلایەن دادگای فیدرالێیەوە
رد دەکرێتەوە لە رووی شکلییەوە ...
مامۆستای زانکۆ
و یاساناس