سەردێڕ:

نەوەی نوێ؛ وەک مەرجەعێکی سیاسی بۆ خزمەت

PM:09:19:23/01/2022
2552 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلى محەمەد
+ -

یەکێک لە کێشە گەورەکانی حوکومڕانانی ھەرێم ئەوەیە کە نازانن لە چ زەمەنێکدا دەژین، ھەتا بە زمانی سەردەمەکەی خۆیان قسەبکەن ، ھەر لەبەر ئەوە ئەگەر سەیری گوتاری سیاسیان بکەین، کۆڵەوارییەکی زۆریان پێوەدیارە،ئێستاش وادەزانن لە ناو ئەشکەوتەکاندا دەژین و لەبەر فتیلە کتێب دەخوێننەوە .

ئەوان بەردەوام ڕوویان لە دواوەیە، ھەر بە گوتارە شۆڕشگێڕیەکەیان قسەدەکەن و ھەر لەم ڕوانەگەیەشەوە دەیانەوێت شەڕعیەتی حوکومرانی خۆیان دەستەبەر بکەن ، لەبەر ئەوە ئەوان نایانەوێت بێنە ناو فەزایەکی سیاسی مۆدێرن و باس لە دیمۆکراسی و گەشەپێدانی مافەکانی ھاوڵاتی و ڕێزگرتن لە ڕای دەنگدەر و بنیاتنانی حکومەتی چاک بکەن. بەڵکو ئەوان بۆخۆیان فەزایەکی خەیاڵیان دروست کردووە بەرەو ئاڕاستەیەکی ترسناک ڕۆیشتون، خۆیان خستۆتە بازنەیەکەوە کە دەرھاتنەوەیان زۆر زەحمەتە، کە ئەویش بازنەی فراوانی گەندەڵیە. لەو بازنەیەدا ئەوان سەرقاڵی قاچاخچێتی و تاڵانی و وێرانکردنی فەزای گشتین . ئەوەش لای ھەموو ھاوڵاتیان ڕوونە و تەنانەت شوێنکەوتوو لایانگرەکانی خۆشیان لە یەکێتی و پارتی ئەو ڕاستیە دەزانن . ئێمە لێرەدا دەپرسین ئایا ئەو ھێزە سیاسی و سەرکردانەی کە ئەم وێنەیەیان بە جەماوەر نیشان داوە و ڕۆژانە بارگرانی بۆ خەڵک دروست دەکەن و ژیانی ھاوڵاتیان وێران دەکەن، لە زیادکردنی باج و نەھێشتنی ھەلی کار بۆ گەنجان و وێرانکردنی کەرتی پەروەردە و تەندروستی و نەبوونی مافە سەرەتاییەکانی وەک ئاو و کارەبا و خراپی ڕێگاوبانەکان و گرانبونی بەنزین و نەوت و ..... ھتد.

کە دواھەمینیشیان بینیمان کوردستانیان کردۆتە مۆدێلێک بۆ گەشەکردنی ھەموو ڤایرۆسێکی ترسناک و دوور لە مۆڕاڵی کوردەواری ، وەک ئاشکرابونی ڕۆژانەی باندە لەشفرۆشیەکان کە هەریەکەیان بەرپرسێکی باڵای لە دواوەیە.

ئایە پارت و سەرکردەیەک کە ئەمە سیماکانی بێت، خەڵک ڕازییە بیکات بە مەرجەعی خۆی ؟

لە ڕاستیدا مەرجەع لە ئێستادا دیدە تەقلیدیەکەی تێ پەڕاندووە،لە سەر ئاستە پێشکەوتوەکەی جیهان زەمەنی پیاوی کاریزمی و سەرکردەی بێ ڕکابەر نەماوە ،بەڵکو مەرجەع دامەزراویەو دامەزراوە ش بە دەنگی خەڵک هەڵدەبژێردرێت و دەبێت ھەڵقوڵاوی ویست و خواستەکانی جەماوەربێت و لەگەڵ گرفت و نەھامەتیەکانی خەڵکدا بژی و حوکومەتێکی چاکیان بۆ بنیات بنێت کە مافە سەرەتاییەکانیان بۆ بێنێتەدی، وخەڵک لە سایەی ئەم جۆرە حوکمڕانیەدا، ھەست بە خوشگەزەرانی بکەن .

لە ئێستادا نەوەی نوێ کە ھێزێکی نوێی سیاسیە لە ئاستی کوردوستان و عێراق دەیەوێت ئاڕاستەیەکی نوێ بە گوتاری سیاسی بدات لە ھەردو ئاستەکەدا و دەیەوێت ئەو ڕاستییە بە خەڵک بڵێت کە ئەمڕۆ دەبێت ئەو ھێزە سیاسیەی کە دەیەوێت ڕابەرایەتی خەڵک بکات دەبێت، خاوەنی نەخشە ڕێگایەک بێت بۆ خزمەت و گەشەپێدان و شەفافیەت و دۆزینەوەی ھەلی کار بۆ گەنجان و ھۆشیار کردنەوەی خەڵک بە مافەکانیان و ھەست کردن بەرپرسیارێتی نیشتیمانی بۆ پاراستنی ڕێز و کەرامەتی گەلەکەی لەبەردەم گەلانی جیھاندا .

نەوەی نوێ ڕاستگۆبوە بەرامبەر بەڵێنەکانی و بەپێی توانا لەو فەزایەدا کاری کردوە ،لە یەکەم کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق ئەو ڕاستییەی سەلماند، کە نوێنەرایەتیەکی ڕاستگۆیانەی گەلی کورد دەکات و لەگەڵ ھێزە عێڕاقیە دڵسۆزەکانیش ھاوپەیمانە بۆ بنیاتنانی عێڕاقێکی دیمۆکرات و پێشکەوتوو و دوور لە گەندەڵی و موحاسەسە و تائیفیەت .بەڵێنیشی بەگەلی کوردوستان و عێراق دەدات کەلەسەر ئەو نەخشەڕێگایە بەردەوام بێت و سوربێت لە سەر چەسپاندنی مافەکانی هاوڵاتی.

گەلەری