سەردێڕ:

حکومەتی ماوە بەسەرچوو: قەیرانی شەرعییەت لە کوردستان

PM:01:00:26/09/2025
348 جار خوێندراوەتەوە
بەشدار هەمزە
+ -

بیر لەوە بکەرەوە کاتێک دەچیتە سندوقی دەنگدان، ئومێدێک هەیە، باوەڕێک هەیە کە ئەم جارە شتێک دەگۆڕێت، بەڵام ئەگەر دوای چەند مانگ هەر ئەو دەموچاوە بێت؟ ئەگەر هەڵبژاردنەکە تەنها نەریتێک بووبێت، نەک ڕێگەیەکی ڕاستەقینە بۆ گۆڕانکاری؟ ئەمە پرسیارە سەرەکییەکەمانە.

ئەمە تەنها پرسیارێکی تیۆری نییە، ئەمەی ئێستا لە کوردستان ڕوودەداد، ١١ـی مانگ تێپەڕیوە لە هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤، بەڵام هێشتا حکومەتێکی نوێمان نییە، حکومەتی ماوە بەسەرچوو(Caretaker Government) حکومەتێکە کە دوای تەواوبوونی ماوەی یاساییەکەی، بەردەوام دەبێت تەنها بۆ بەڕێوەبردنی کاری ڕۆژانە هەتا حکومەتێکی نوێ دادەنرێت.

ئەم حکومەتە تەنها ڕێگەپێدراوە کارە ئاساییەکان بەڕێوەبەرێت و نابێت بڕیارە گەورە و ستراتیژیەکان بگرێت، با سەیری واقیع بکەین، لە کوردستان هەر ڕۆژە بڕیاری گەورە دەدرێت: نرخی کارەبا دادەنرێت، مووچەکان دابەش ناکرێن، لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتن دەکرێت لەسەر نەوت، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوە دەبرێن، ئەمانە کاری پاسەوان نین، بەڵکو کاری خاوەندارێتین.

با ڕاستگۆ بین، چەند کەس دەناسین کە هەر جارە بە خەیاڵی باش دەچنە هەڵبژاردن، بەڵام ئێستا دەڵێن "بۆچی بچم؟ هەر ئەوانە هەمووشتیان بە دەستەوەیە"، کاتێک تۆ دەنگت دا بەڵام ئەنجامەکەی هیچ گۆڕانکاریەک نەبوو، دەنگەکەت لە واقیعدا پووچەڵ بووەتەوە.

تۆ بوویتە ژمارەیەک بۆ ئەوەی بڵێن "ئەوەتا خەڵک بەشداریان کرد”، بەڵام کاریگەریت هیچ نەبووە، هەڵبژاردن دەبێتە وەک جەژنێک کە هەموو ساڵێک دێت بەڵام کەس باوەڕی پێ نییە.

شێوازی جەژنەکە هەیە ،Placard پلاکارد، بانگەشە، بەڵێن - بەڵام ڕۆحەکەی نەماوە. خەڵک دەیکات چونکە "ئاوا بووە”، نەک چونکە باوەڕی پێیەتی.

با سەیری ئەم ماوەیە بکەین بە رێکەوت، ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ هەڵبژاردن ئەنجام درا، خەڵک دەنگیان دا، دوای هەڵبژاردن پەرلەمانی نوێ نەیتوانی کۆببێتەوە بە شێوەیەکی کارامە، مانگەکانی دواتر چەندین دانیشتن کرا لە نێوان دوو حزبە حوکمڕانەکان، تاکە ڕێکەوتنێک ئەوەیە کە دوای هەر کۆبوونەوەیەک دەڵێن "کۆبوونەوەکان بەرهەمدار بوون و لێک نزیکبوونەوە هەیە”، یان "بڕیارمان دا کۆبوونەوەکان بەردەوام بن” - بەڵام بەبێ هیچ ئەنجامێک.

ئێستا هێشتا هەر ئەو حکومەتەی پێشوومانە، بە ناوی ماوە بەسەرچوو یان کاربەڕێکەر. ئەگەر پۆلیسێک بڵێت "من ئیتر پۆلیس نیم بەڵام هێشتا دەسەڵاتی دەستگیرکردنم هەیە”، ئایا ئەمە ڕاستە؟ ناکرێت هەردووکی یەکجار بن.

هەر ئەم ناکۆکییە لێرەش هەیە: حکومەتێک کە ماوەی بەسەرچووە، بەڵام هێشتا بڕیارە گەورەکان دەدات. ئەمە شتێکی سەیرە کە هەموومان دەیبینین، کاتی هەڵبژاردن دەڵێن "ئێمە بەرگری لە کورد دەکەین!"، "بەرژەوەندی نەتەوە لە پێشەوەیە"، "کوردستان لە سەرووی هەمووشتێکەوە”.

 دوای هەڵبژاردن ململانێ لەسەر پۆستەکان، دابەشکردنی بودجە و پلە و پۆست بە حزبەکان، کوردستان و کوردیان لە یاد دەچێت.

کاتی کێشە لەگەڵ بەغدا دەڵێن "ئەوەتا دیسان دژایەتی کورد دەکرێت!"، "پێویستە هەموو کورد یەک بین"، ئەمە وەک کەسێکە کە لە دوکان بڵێت "بەرژەوەندی کڕیار پێشینە بۆ من"، بەڵام دوای کڕین هەر شتی خراپ و گرانی پێ بفرۆشێت. کوردایەتی بووە بە کاڵایەک کە لە وەرزی هەڵبژاردن دەفرۆشرێت، نەک بە باوەڕێک کە هەموو کات بەرجەستە بێت.

 بۆ ئەوەی باشتر تێبگەین چۆن ئەم بارودۆخە دروست بووە، با سەیری بنەماکانی دەسەڵات و شەرعییەت بکەین، زانای ئەڵمانی ماکس ڤێبەر شتێکی گرنگی وتووە: دەسەڵات بەبێ پەسەندکراوی وەک بینایەکە کە بناغەی نییە، دەکرێت ماوەیەک بوەستێت، بەڵام لە کۆتایدا دادەڕمێت.

لە کوردستان ئەمە روودەدات، هەر ڕۆژێک ئەم بارودۆخە درێژە بکێشێت، کەمێک زیاتر لە پەسەندکراوی حکومەت کەم دەبێتەوە. خەڵک کەمتر باوەڕ دەکات، کەمتر ڕێز دەگرێت، کەمتر گوێ دەگرێت.

زانای ئیتاڵی گرامشی باسی "هێگەمۆنی”ی کردووە - واتە چۆن دەسەڵات خۆی دەپارێزێت نەک بە زۆرەملێ، بەڵکوو بە شێوەیەکی کولتووری. لە کوردستان ئەمە چۆن کار دەکات؟ کاتێک ڕەخنە لە حزبێک دەگریت، یەکسەر دەڵێن "دژایەتی کورد دەکەیت”. ئەمە هێگەمۆنییە - وات لێدەکەن هەست بە تاوان بکەیت بۆ ئەوەی ڕاستیەک بڵێیت.

دیموکراسی بە یەکجاری نامرێت، بەڵکوو هێواش هێواش ڕۆحی لەدەست دەدات، کاتێک دامەزراوەکان کار ناکەن، خەڵک باوەڕیان لەدەست دەدەن، کاتێک باوەڕیش نەمێنێت، بەشداری نامێنێت، کاتێک بەشداری نەمێنێت، دیموکراسی تەنها ناوێکە بەبێ مانا.

ئەگەر بمانەوێت لەم قەیرانە دەربچین: پێویستە یاساکان بگۆڕین - یاسای ئێستا ڕێگەدان بەم بارودۆخە دەدات، ئەگەر یاساکە ڕوون بووایە و سزای توندی هەبووایە، ئەم قەیرانە ڕووینەدەدا. میکانیزمی نوێ دابنێین - چی دەکەین کاتێک حزبەکان نەیانتوانی ڕێککەوتن؟ دەبێ پلانی Bـمان هەبێت، وەک ئەوەی دوای ماوەیەکی دیاریکراو، سەرۆکی پەرلەمان خۆی حکومەت پێکبێنێت، یان دووبارە بچینەوە بۆ هەڵبژاردن.

شەفافییەت - خەڵک نازانێ چی لە ژوورە داخراوەکان ڕوودەدات، دانوستانەکان دەبێ شەفاف بن، کێ چی دەڵێت؟ کێ ڕازی نییە؟ بۆچی؟ ئێمە وەک هاووڵاتیان بە ڕەخنە بیر بکەینەوە - کاتێک حزبێک دەڵێت "ئێمە بەرگری لە کوردایەتی دەکەین"، پرسیار بکەین "باشە، چۆن؟ نموونە بدە". مافەکانی خۆمان بناسین - تۆ وەک دەنگدەر مافت هەیە بزانیت چی ڕوودەدات، مافت هەیە لێپرسینەوە بکەیت، مافت هەیە بڵێیت "نەخێر، ئەمە قبووڵ نییە”. بەشداری هەمیشەیی بکەین - دیموکراسی تەنها ڕۆژی هەڵبژاردن نییە، دیموکراسی هەموو ڕۆژێکە، کاتێک شەقامەکانت خراپە، کاتێک کارەبات نییە، کاتێک حکومەت بڕیاری نادروست دەدات، دەنگت بەرز بکەرەوە.

کوردایەتی شتێکی بەنرخە و دەبێ بمێنێتەوە، بەڵام نابێ وەک قەڵغان بەکاربێت " تۆ ڕەخنە لە من دەگریت؟ دژایەتی کورد دەکەیت!" ئەمە قەڵغانە، ڕەخنەگرتن لە حزبێک دژایەتی کورد نییە و نابێ لە بازاڕ بفرۆشرێت - کوردایەتی نابێ ببێتە کاڵایەک کە تەنها لە وەرزی هەڵبژاردن دەربکەوێت.

نابێ بەدیل بێت بۆ کار - ناکرێت بە ناوی کوردایەتی هیچ کارێک نەکەیت، کوردایەتی بە کردار دەسەلمێندرێت، نەک بە قسە.

ئەم قەیرانە تەنها دەربارەی حکومەتی ماوە بەسەرچوو نییە - ئەمە دەربارەی ئەوەیە کە ئایا دیموکراسی لە کوردستان ڕاستەقینەیە یان تەنها شانۆیەکە، هەموومان لەم تاقیکردنەوەیەدا بەشدارین، حزبە سیاسییەکان کە دەبێ تێبگەن دەسەڵات ئامانەتە، نەک موڵکی تایبەت، دەنگدەران کە دەبێ زیاتر داوای لێپرسینەوە بکەن، دامەزراوە مەدەنییەکان کە دەبێ بە دەنگی خەڵک بدوێن، میدیا کە دەبێ ڕاستی ڕابگەیەنێت بەبێ ترس.

پەیامی کۆتایی ساکارە: یان ئێستا حکومەت پێکدەهێنرێت و باوەڕی خەڵک دەپارێزرێت، یان ئەم نەوەیە تەواو ئومێدی لە سیاسەت دەبڕێت.

ئێمە دەنگمان داوە بۆ گۆڕانکاری، کاتی ئەوە هاتووە کە گۆڕانکاریەکە ببینین، ئەگەر نا، دەبێ بە دەنگێکی بەرزتر بڵێین : "ئەمە قبووڵ نییە”. دیموکراسی تەنها شعار نیە - بەڵکو کردارە، ئێستا کاتی کردارە.

گەلەری