نەوت دابەزی، حکومەتی عێراق چی دەکات ؟
PM:09:29:06/05/2025
2944 جار خوێندراوەتەوە
هەنگاو هاشم
+
-
هەرکات نرخی
نەوت دادەبەزێت و عێراق توشی کورتهێنانی دارایی زیاتر دەبێت، فشارەکان بۆسەر
حکومەتی عێراق زیاتر دەبێت، لە رووی خەرجیەکان و باشتر کۆکردنەوەی داهاتەکان،
ئەوەش کاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر هەرێمی کوردستان، بەوپێیەی کە عێراق لەدۆخی
ئاسایی هەندێ چاوپۆشی لەحکومەتی هەرێم بکات، کاتێک فشارە ئابوری و داراییەکانی
سەری زیاد دەبن، پێداچونەوە لەو چاوپۆشیانەی دەکات، ئەمەش وادەکات ئاستەنگی دارایی
سەرهەڵبدات لە رووی داهاتی نەوتی و نانەوتیەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها وا
لەحکومەتی عێراق بکات لەم رووەوە هەنگاوی نوێبگرێتە، بەر کەئەوانەی خوارەوەیە
١ـ عێراق پێی وایە خاوەنی داهاتی
نانەوتی زیاترە لەو بڕەی دەستی دەکەوێت، بەڵام بۆی ناگەڕێتەوە، لەم رووەوە ئاماژە
بۆ هەرێمی کوردستان دەکەن کە ئەگەرچی هەرێم مافی خۆیەتی داهاتە نانەوتیەکانی دەستی
دەکەوێت نیوەی بۆخۆی ببات، بەڵام نیوەکەی تر کەمافی بەغدایە نەیگەڕاندوەتەوە ئەمەش
وای لەحکومەتی عێراق کردوە بیر لەهەنگاوی نوێ بکاتەوە بۆ دەستکەوتنی نیوەی داهاتی
خاڵە سنوریەکانی هەرێم کەبەمافی خۆی دازانێ بەگوێرەی یاسای کارگێڕی دارایی، بۆ
ئەمەش دەیەوێت لەمەودوا هەر کاڵایەک لە خاڵە سنوریەکانی هەرێمی کوردستانەوە داخل
ببن، وەرگرتنی پارەکەی بکرێتە ئەلیکترۆنی و راستەوخۆ نیوەی داهاتی گومرگی
ئەوکاڵایانەی کەداخلی عێراق دەبن ، بخرێتە سەر حکومەتی عێراق، هەر ئەمەش وایکردبوو
لەچەند رۆژی رابردوو کێشە بۆ ئەو بازرگانانە دروستبێت کەئەو کاڵایانەی لەخاڵە
سنوریەکانی هەرێمی کوردستان داغڵ دەکەن، نەتوانن بیبەن بۆ خوارو و ناوەڕاستی عێراق.
٢ـ فشارێکی دیکەی سەر وەزارەتی دارایی
عێراق ئەوەیە کە رۆژانە ٣٠٠ هەزار
بەرمیل نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە دەفرۆشرێت و داهاتەکەی ناگەڕێتەوە بۆ
خەزێنەی گشتی عێراق، لەکاتێکدا لەلایەن ئۆپیکەوە بڕی ئەو ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتە
لە فرۆشی نەوتی عێراق کەمکراوەتەوە. هەر پەیوەست بە قەیرانی دارایی عێراق و
دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لە رۆژانی رابردوو هۆکارەکەی بۆ
نەبونی سیولەی نەختینەیی لە عێراق گەڕێندراوە، بەڵام گەر ئەمە بۆ بەغداش راست بێت
، بۆ هەرێمی کوردستان راست نیە، چونکە لقی بانکی ناوەندی لەهەولێر باسی لەوەکرد کە
زیاتر لە ٢ ترلیۆن دینار لەبانکەکەیان هەیە کەپارەی نەک یەک مانگی مووچەی مووچە
خۆرانی هەرێمە، بەڵکو بەشی مووچەی دوو مانگی مووچەخۆرانی هەرێمە، بۆیە
کێشە داراییەکانی بەغدا لەگەڵ هەرێم پەیوەست بەداهاتەکانەوەیە، نەک کێشەی سیولەی
نەختینە.