رۆڵی خێڵ لە هێشتنەوەی دەسەڵاتدا
PM:08:46:04/05/2025
2256 جار خوێندراوەتەوە
هەرێم سالم سەفەر
+
-
یەکێک لە
هۆکار و کۆڵەکەکانی مانەوەی دەسەڵاتە سەرکوتکارەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
هەمیشە خێڵ و عەشیرەت و بنەماڵە خاوەن پێگەکان بوون کە لەڕێگەیانەوە دەسەڵات
درێژەی بە حوکمی خۆی داوە.
زۆرینەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
لەسەر بنەمای خێڵ یان بنەماڵەیی دامەزراون کە تێیدا بنەماڵەیەک لەناو بنەماڵەکەشدا
خێزانێک جومگەکانی سیاسەست و سەربازی و ئابووری کۆنترۆڵ دەکات. لە راستیدا لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەدا دەسەڵات
هی تاکە کەسێکە کە لەژێر چەتری حزبێکدا شەرعیەت بە مانەوەی دەسەڵاتی خۆی دەدات و
واشدەکات کە دوای خۆی دەسەڵات بۆ کوڕ و نەوەکانی مسۆگەر بێت.
بەشێک لە
هۆکاری ئەم دۆخە ئەوەیە لە مێژووی کورددا ململانێی چینایەتی رووینەداوە و کۆمەڵگە
هێشتا خێڵ و عەشیرەتەکەی بۆی گرنگترە لە ماف و ئازادی و دیموکراسی.
لە هەرێمی کوردستاندا ستراتیژی هەردوو
بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بەجۆرێک داڕێژراوە کە كار بۆ مانەوەی خێڵ و عەشیرەتگەرایی دەکەن کە لەڕێگەیەوە حیزب بووەتە ماڵێك بۆ كۆكردنەوەی
ئەندامانی خێڵ و پاڵپشتی حزب لەکاتی هەڵبژاردندا.
هەردوو حزبی دەسەڵات زۆرجار پیاوکوژێک
داڵدە دەدەن لەبەرئەوەی سەر بە فڵان خێڵە، رێگە بە گەندەڵی و کاری نایاسایی فڵان
سەرۆک خێڵ و فیسار بازرگان دەدەن لەبەرئەوەی دەزانن لە رۆژی هەڵبژاردن و دەنگداندا
پێویستیان بەوە دەبێ دەنگی ئەو خێڵە بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن. هەرگیز ئەو دیمەنەم
بیرناچێت کە رۆژێک دایکی گەنجێکی کوژراو لە هەولێر قسەی بۆ میدیاکان دەکرد و گوتی
'بکوژەکە دەڵێت لەلایەن زراریەکانەوە پاڵپشتی دەکرێم بۆیە هیچم لەدەست نایەت'،
ئەمە مانای ئەوەیە ئەگەر کەسێک لەلایەن خێڵ یان عەشیرەت و تیرەیەکەوە پشتگیری بکرێت
دەتوانێ کاری نایاسایی بکات و حکومەت و دەسەڵاتیش چاوپۆشی لێدەکەن.
كورد وەكو كۆمەڵگایەكی ڕۆژهەڵاتی
نەیتوانیوە لەكۆنەستی خۆیدا سیستەمی خێڵ تێپەڕێنێت پەیوەندییەكانی خوێن و
خزمایەتی رەنگدانەوەیان هەیە لەسەر ژیانی سیاسی ، کە ئەمەش وایکردووە پرەنسیپەکانی
دیموکراسی و ژیانی مۆدێرن نەیەنەدی.
هەربۆیە
ئەگەر ١٠٠ ساڵی رابردوو کورد خەباتی رزگاری نەتەوەیی کردبێت و هەوڵیدابێت دەوڵەت
دروستبکات، کە بەداخەوە سەرکەوتوو نەبووە، بە بۆچوونی من لەئێستادا گرنگە خەباتی
چینایەتی دەستپێبکات، لانیکەم لە هەرێمی کوردستاندا، بۆ ئەوەی جیاوازی چینایەتی
نەهێڵرێت و حزب و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان لەڕێگەی پشتیوانی بەشێکی کەم لە خێڵ و
عەشیرەتەکان کۆنترۆڵی تەواوی کۆمەڵگە نەکەن.