PM:10:29:31/07/2025
216 جار خوێندراوەتەوە
+
-
ڤینی دوپاتیکردەوە دەیەوێت دەستکەوتی زیاتر لەگەڵ ریاڵ مەدرید و
بەڕازیل بەدەستبهێنێت و کریستیانۆ بە ئیلهامبەخشی خۆی دەزانێت.
ڤینیسیۆس جونیۆری
بەڕازیلی و یاریزانی ریاڵ مەدرید لە چاوپێکەوتنێکدا وتی: من
بەرپرسیارێتی بوون بە نمونە بە جددی وەردەگرم، هەوڵدەدەم سەرنجم لەسەر تۆپی پێ بێت
و لەبیرم بێت کە لە کوێوە هاتووم.
دەشڵێت: یاریکردن
لەم ئاستەدا، بۆ گەورەترین یانەی جیهان و بۆ وڵاتەکەم، هێشتا دەڵێی خەونە، دەزانم ڕێگاکەم
ئیلهامبەخشە بۆ کەسانی دیکە، بەتایبەتی ئەو منداڵانەی کە دەیانەوێت شوێن
خەونەکانیان بکەون، بۆیە نوێنەرایەتیکردنی ئەوانە بە شتێکی ئاسایی نازانم.
وتیشی: پێموایە لە ژیانی وەرزشیمدا چەندین ساتی سەرسوڕهێنەر
هەبووە، یەکەم یاری پیشەگەریم لەگەڵ فلامینگۆ، گواستنەوەم بۆ ڕیال مەدرید، پاشان چەند
یادگاریەکی لەبیرنەکراو لە گرنگترین ڕکابەرییەکان، وەک گۆڵ تۆمارکردن لە دوو یاری
کۆتایی چامپیۆنزلیگ، هەر یەکێک لەو ساتانە مانای ئەوە دەگەیەنێت کە من کێم.
ڤینی دەشڵێت: پێشتر دەستکەوتێکی زۆرم بەدەستهێناوە، بەڵام
هێشتا خەونەکانم کۆتایی نەهاتووە، دەمەوێت نازناوی زیاتر لەگەڵ یانەکەم بەدەستبهێنم،
لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانیدا گرنگترین پاڵەوانێتییەکان بەدەستبهێنم، هەروەها بەردەوام
بم لە ئیلهامبەخشین بۆ نەوەی داهاتوو بۆ ئەوەی باوەڕیان بەخۆیان هەبێت، هەروەها گەورەترین
خەونم ئەوەیە کە لەدوای خۆم شتێک بەجێبهێڵم کە سود بە وڵاتەکەم بگەیەنێت لە
دەرەوەی تۆپی پێ.
ڤینی وتیشی: کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بە کارە باوەڕپێنەکراوەکان
و خۆبەخشییەکانی ئیلهامبەخشە بۆم، لە هەمان کاتدا لیبرۆن جەیمس، هەروەها
رۆناڵدینیۆ و رۆناڵدۆ و نەیماریش کە هەمیشە وەک نمونەیەکی جوان نوێنەرایەتی
بەڕازیل دەکەن.