ئەلێگری رۆیشتنی تیۆ لە میلان راگەیاند

PM:09:45:07/07/2025

360 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەلێگری رۆیشتنی تیۆی لە میلان راگەیاند و پەیوەندی کردنی بۆ مۆدریچیشی بە یانەکەیانەوە دوپاتکردەوە.

ماکسیملیانۆ ئەلێگری راهێنەری نوێی یانەی میلان یەکەمین کۆنگرەی رۆژنامەوانی وەک راهێنەری ئەو یانەیە ئەنجامدا و تێیدا باسی لە ئامانجیان لە وەرزی نوێ و داهاتووی چەندین یاریزان کرد.

لە سەرەتایی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، خۆشحاڵە بە گەڕانەوەی بۆ میلان، هەر لەگەڵ گەیشتنی بۆ یانەکە لەگەڵ یاریزانان و کارگێڕیان دەستیان بە ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێ کردووە و هەموو رۆژێک باس لە وردەکاری نوێ دەکەن.

ئەلێگری دوپاتیشیکردەوە، لەبەر خۆشەویستی بۆ یانەکە میلانی هەڵبژاردووە، ئامانجیان ئەوەیە یانەکە بەرەو باشتر ببەن و گرنگترین ئامانجیشیان سەرکەوتنە بۆ چامپیۆنز لیگی وەرزی داهاتوو.

وتیشی: کاتێک لە میلان کار دەکەیت، دەبێت بە دوای ئەنجامی زۆر باشدا بگەڕێیت، بۆ بەدەستهێنانی ئەوەش دەبێت بەو باوەڕەوە کار بکەیت کە دەتوانیت بەدەستی بهێنیت، پاشان ئەگەر تا مانگی ئازار ئاستێکی باشمان پێشکەش کرد و خۆمان لە پلە باڵاکاندا بینیەوە، ئەوا کێبڕکێ لەسەر هەموو شتێک دەکەین.

راهێنەرەکە دڵخۆشی بە مانەوەی ماینان دەربڕی و پێشیوایە ئەم وەرزە وەرزێکی نایاب دەبێت بۆ رافایل لیاو، سەبارەت بە مۆدریچیش باسی لەوەکرد چاوەڕێ دەکەن یاریزانەکە بگاتە یانەکەیان پاش جامی جیهانی یانەکان و زیادکردنێکی نایاب دەبێت بۆ هێڵی ناوەندیان.

باسی لەوەشکرد، تیۆ هێرناندێز رێگایەکی جیاوازی هەڵبژاردووە و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازێت، ئەم وەرزەش قورس دەبێت بۆیان چونکە چەندین یانە کێبڕکێی نازناوی خولی ئیتاڵیا دەکەن.