PM:05:20:05/05/2025
1132 جار خوێندراوەتەوە
+
-
چامپیۆنز لیگ لە قۆناغە یەکلاکەرەوەکەدایە
و ئەم هەفتەیە ناسنامەی دوو یانەی گەیشتوو بە یاری کۆتایی پاڵەوانێتییەکە ئاشکرا
دەکرێن.
سێشەممە لە کاتژمێر 10ی شەودا و لە
بەهێزترین یاریدا، یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی لە یاریگای جیۆسێپی میاتزا و لە
یاری گەڕانەوەدا میوانداری یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی دەکات.
لەم یارییەدا هەر یانەیەکیان بتوانێت بردنەوە
بەدەستبهێنێت ئەوا گەیشتن بە یاری کۆتایی ئەم وەرزەی چامپیۆنز لیگ مسۆگەر دەکات
بەهۆی ئەوەی لە یاری چووندا یەکسانبوون، لە ئەگەری یەکسانبوون لە دوو تایمی یاسایی
ئەم یارییەدا ئەوا تایمە زیادکراوەکان و لێدانی یەکلاکەرەوە یانەی براوە
یەکلادەکەنەوە.
بەرشەلۆنە کە لەم وەرزەدا بە ئاستێکی
نایابەوە دەرکەوتووە ئامانجی ئەوەیە لەسەر ئاستە بەردەوام بێت و بگاتە یاری کۆتایی
پاڵەوانێتییەکە تا بتوانێت لە کیبڕکێ کردنی بەدەستهێنانی سێ نازناوەکە بەردەوام
بێت.
ئەم دوو یانەیە لە مێژوودا 13 جار
رووبەڕووی یەکبونەتەوە، یانە کەتەلۆنییەکە شەش بردنەوەی هەبووە و 20 گۆڵی
تۆمارکردووە، ئینتەریش چوار بردنەوەی هەیە و 13 گۆڵی تۆمارکردووە و لە سێ یاریشدا
یەکسانبوون.
لە ئێستادا ئینتەر بە راهێنەرایەتی
سیمیۆنی ئینزاگی گەیشتنیان بە یاری کۆتایی چامپیۆنز لیگ کردووەتە ئامانجی
سەرەکییان دوای ئەوەی نازناوی جامی ئیتاڵیای ئەم وەرزەیان لەدەستدا و لە ئێستادا
لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولی ئیتاڵیدایە و پێشەنگی بۆ ناپۆلی لەدەستداوە.
هاندەرانی تۆپی پێ لەم یارییەدا چاوەڕێی
کێبڕکێیەکی بەهێز دەکەن لە نێوان ئەو دوو یانەیەدا بەتایبەت دوای ئەوەی لە یاری
چووندا یارییەکی سەرنجڕاکێشیان پێشکەشکرد و هەلی گەیشتنی هەر یانەیەکیشیان بە یاری
کۆتایی هاوشێوەی یەکتر دەبینن.
خ . ک