چوارشەممە نۆ یاری چامپیۆنز لیگ ئەنجامدەدرێن

PM:03:27:21/01/2025

200 جار خوێندراوەتەوە

+ -

قۆناغی یەکەمی ئەم وەرزەی چامپیۆنز لیگ بەردەوامی هەیە و چوارشەممە نۆ یاریتر ئەنجامدەدرێن و رووبەڕووبونەوەی بەهێزی تیادایە.

لە کاتژمێر 11، یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی لە یاریگای خۆیدا میوانداری یانەی سالزبۆرگی نەمسایی دەکات.

ریاڵ مەدرید ئەنجامەکانی لەم وەرزەی چامپیۆنز لیگدا وەک پێویست نییە بە شێوەیەک لەو شەش یارییەی ئەنجامیداوە تەنها نۆ خاڵی کۆکردووەتەوە بە سێ بردنەوە و سێ شکست، 12 گۆڵی تۆمارکردووە لە بەرامبەردا 11 گۆڵیشی لێکراوە.

یانەی شاهانە هەرچەندە ئەرکی گەیشتنی بە قۆناغی 16 بە شێوەیەکی راستەوخۆ قورسە بەڵام هەموو هەوڵێک دەدات لە پێناو بردنەوەی ئەو دوو یارییەی ماویەتی و چاوەڕێی شکستی یانەکانی پێش خۆی دەکات تا بتوانێت خۆی لە پاشکۆی پاڵاوتنی قۆناغی داهاتوو رزگار بکات.

لە هەمان کاتدا و لە یاری لوتکەی ئەو شەوەدا، هەردوو یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی و مانچستەر سیتی ئینگلیزی رووبەڕووی یەکدەبنەوە.

ئەو دوو یانەیە بە پێچەوانەی پێشبینییەکان لەم وەرزەی چامپیۆنز لیگدا بارودۆخێکی خراپیان هەیە و مەترسی ئەوەشیان لەسەرە کە یەکێکیان لەم قۆناغەدا ماڵئاوایی بکات ئەگەر لەم دوو یارییەی کە ماویانە تووشی شکستبن.

پاریس و مانچستەر سیتی لە مێژوودا حەوت جار رووبەڕووی یەکبونەتەوە، یانە فەرەنسییەکە تەنها لە یەک یاریدا براوە بووە و شەش گۆڵی تۆمارکردووە بەڵام مان سیتی چوار بردنەوەی هەیە و نۆ گۆڵی کردووە، لە دوو یاریشدا یەکسانبوون.

لە هەمان کاتدا، هەردوو یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی و ئینتەر میلانی ئیتاڵی رووبەڕووی دینامۆ زەگرەب و سپارتا پراگ دەبنەوە و ئامانجیان ئەوەیە بە بردنەوە نزیکتر بنەوە لە گەیشتن بە قۆناغی 16.

یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵیش لە یاریگای سان سیرۆ میوانداری جیرۆنای ئیسپانی دەکات و بە بردنەوە دەچێتە پلەکانی پێشتر، بایرن میونشنی ئەڵمانیش کە خاوەنی 12 خاڵە دەیەوێت بردنەوە بەسەر فاینۆرد رۆتەردامی هۆڵەندی بەدەستبهێنێت و بچێتە هەشت پلەی پێشەوەی ریزبەندی.