قادیسیە دەیەوێت مۆرینیۆ بکات بە راهێنەر

AM:10:31:08/05/2024

156 جار خوێندراوەتەوە

+ -

قادیسیە دەیەوێت مۆرینیۆ بکات بە راهێنەر و وەرزی داهاتوو کێبڕکێی یانە گەورەکانی خولی سعودییە بکات.

ڕادیۆ تۆک سپۆرتی ئیسپانیا بڵاویکردەوە، یانەی قادیسیە کە وەرزی داهاتوو دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی یەکەمی خولی تۆپی پێی سعودیە، بەجدی هەوڵدەدات خۆسێ مۆرینیۆ بکاتە راهێنەر بۆ ئەوەی تیپەکەی بۆ وەرزی داهاتوو ئامادە بکات و پێشدەچێت راهێنەرەکە لاری لەو کارە نەبێت.

یانەی قادیسیە کە یەکێکە لە یانە مێژووییەکانی سعودیە و هاندەرێکی زۆری هەیە، دوای گواستنەوەی خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیای ئارامکۆ، چاوی لەوەیە سەرکەوتنی زیاتر بەدەستبهێنێت، هەروەها بەگوێرەی سەرچاوەکانی تۆک سپۆرتیش بڕیارە مۆرینیۆ لە کۆتایی ئەم مانگەدا بۆ بینینی بارودۆخی یانەکە سەردانی شاری ئەلخۆبەر بکات.

قادیسیە دەیەوێت هەر لەگەڵ کرانەوەی دەرگای گواستنەوەی هاوینە دەستبکات بە بنیادنانەوەی یانەکە بە یاریزانی پیشگەر و ئەو شۆرشەی لە خولی وڵاتەکە دەستیپێکردووە بقۆزێتەوە تا وەرزی داهاتوو ببێتە یەکێک لە رکابەرەکانی خولی سعودییە.

ناوی مۆرینیۆش لە کاتێکدا بە یانەکەوە دەبەسترێتەوە، پێشتر راهێنەرە 61 ساڵە پورتوگالییەکە رایگەیاندبوو لاری نییە لەوەی لە خولی سعودییە کاری راهێنەرایەتی بکات.