چەندین یانە چاودێری لۆکاکۆ دەکەن

PM:07:16:07/05/2024

232 جار خوێندراوەتەوە

+ -

داهاتووی لۆکاکۆ ناروونە و یاریزانەکەش لەلایەن چەند یانەیەکی جیاوازەوە چاودێری دەکرێت.

لۆکاکۆ وەرزی ڕابردوو ڕۆژانی خۆشی لە ئینتەرمیلان بەسەربرد، بەڵام کێشەکانی دەوروبەری دانوستانەکانی لەگەڵ یۆڤانتۆس وایکرد کۆتایی بە بوونی لەو یانەیەدا بهێنێت، لەلایەکی ترەوە چێڵسی و بەتایبەت ماوریسیۆ پۆچیتینۆش نەیانویست بگەڕێتەوە یانەکەی لەندەن.

لە کۆتاییدا ئەم یاریزانە بە خواستن بۆ ماوەی یەک ساڵ چووە ڕۆما بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە خولی ئیتاڵیا و لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا دەنگۆی زۆر لەسەر ئەگەری پەیوەندیکردنی بە ناپۆلی و ئارەزووی یانەکە بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە بڵاوکراوەتەوە.

ئاستی ئەستێرە بەلجیکیەکە لە ڕۆما باش و قبوڵکراوە، بەڵام بارودۆخی دارایی ئەم یانەیە زۆر قورسە بۆ بەردەوام بوونی، فابریزیۆ ڕۆمانۆش ئاشکرای کردووە کە بەڕێوبەری کارەکانی لۆکاکۆ ساڵی ڕابردوو لەگەڵ کارگێڕی چێڵسی گەیشتبووە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی بتوانێت لە گواستنەوەی هاوینەدا ئەم یاریزانە بە بڕی ٤٤ ملیۆن یۆرۆ بفرۆشێت.

لە ئێستادا روون نییە داهاتووی ئەستێرەکە چۆن دەبێت، ئایا رۆما لەگەل چێڵسی دەگاتە رێکەوتن بۆ هێشتنەوەی یاخود نا، بەڵام لەلایەکی ترەوە یانەکانی پاریس سان جێرمان و ناپۆلی خواستیان لەسەری هەیە، جیالەوەی لە سعودیەشەوە بەشێوەیەکی جددی چاودێری دەکرێت.