بایرن میونشن دەیەوێت گواردیۆلا بگەڕێنێتەوە

AM:10:53:07/05/2024

244 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بایرن میونشن خەونی گەڕاندنەوەی گواردیۆلای هەیە بۆ راهێنەرایەتی و تین هاگیش یەکێکە لە پاڵێوراوەکان.

رۆژنامەی کیکەری ئەڵمانی بڵاویکردەوە، بەرپرسانی یانەی بایرن میونشن لە ئێستادا خەونی گەڕاندنەوەی پیپ گواردیۆلای ئیسپانی و راهێنەری یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزیان هەیە.

ئەو رۆژنامەیە رایگەیاندوە، یانە ئەڵمانیەکە ئامادەن گرێبەست پێشکەشی گواردیۆلا بکەن لە پێناو ئەوەی جارێکیتر ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکەیان وەربگرێتەوە و ببێتە جێگرەوەی تۆماس تۆخێل کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا دەڕوات.

دەشڵێت، لە نێو کۆبونەوەی یانە باڤاریەکە باس لە ئەگەری گەڕانەوەی راهێنەرە ئیسپانیەکە کراوە هەرچەندە دەزانن ئەو ئەرکە قورسە جونکە گواردیۆلا تا هاوینی 2025 گرێبەستی لەگەڵ مان سیتی هەیە و یانە ئینگلیزیەکەش بە نیاز نین دەستبەرداری ببن.

رونیشیکردەوە، ئەگەری گەڕانەوەی گواردیۆلا بۆ بایرن میونشن دوور نییە چونکە ئەو راهێنەرە تا ئێستاش خانویەکی هەیە لە ئەڵمانیا و ساڵانە چەند جاریک سەردانی دەکات.

گواردیۆلا لە 2013 تا 2016 راهێنەری بایرن میونشن بووە، سێ نازناوی خولی ئەڵمانیا و دوو نازناوی جامی ئەڵمانیا و نازناوەکانی جامی سوپەری ئەوروپا و سوپەری ئەڵمانیای لەگەڵدا بردووەتەوە.

لەلایەکی ترەوە، تۆڕی سکای سپۆرت رایگەیاندوە، ئیریک تین هاگی راهێنەری ئێستای مانچستەر یونایتد یەکێترە لە پاڵێوراوە بەهێزەکان تا ببێتە راهێنەری یانە ئەڵمانیەکە لە وەرزی داهاتوودا.

خ . ک