خولی ئیتاڵیا... رۆما و یۆڤانتۆس بە گۆڵیک یەکسان بوون

PM:11:51:05/05/2024

160 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە خولی ئیتاڵیا رۆما و یۆڤانتۆس بە گۆڵیک یەکسان بوون هەردوو یانەکەش لە پلەکانی خۆیاندا مانەوە.

لە یاری لوتکەی هەفتەی 35ی خولی ئیتاڵیا رۆما لە یاریگای خۆیدا میوانداری یۆڤانتۆسی کرد.

لە تایمی یەکەم رۆمای خاوەن یاریگا بە پشت بەستن بە هاندەرانی ئاستی باشتر بوو، ئەمەش وایکرد لە خولەکی 15 لوکاکۆ گۆڵی یەکەمیان بۆ تۆماربکات، پاش ئەو گۆلەش خانمە پیرەکە چەند هێرشێکی برد و لە خولەکی 31 برێمەر گۆڵی یەکسانی تۆمارکرد و سەرەنجانم ئەو تایمە بە یەکسانی کۆتایی پێهات.

لە تایمی دووەم دووبارە گورگەکانی رۆما باشتر بوون، دەیانویست بردنەوە بەدەستبهێنن و خۆیان نزیک بکەنەوە لە چامپۆنزلیگ، لە بەرامبەریشدا کوڕانی یۆڤانتۆس دەیانویست بە بردنەوە پێگەی خۆیان لە پلەی سێیەم بەهێز بکەن، بەڵام سەرەڕای هەوڵەکانی هەردوولا هیچ گۆڵێکی تر نەبینرا و یارییەکە بە گۆڵێکی یەکسان کۆتایی پێهات.

بەم ئەنجامەش یۆڤانتۆس لە پلەی سێیەم مایەوە بە کۆکردنەوەی 66 خاڵ، رۆماش 60 خاڵی هەیە و لە پلەی پێنجەم دێت و مەترسی لەدەستدانی پێگەکەشی لەسەرە.