ئایندهۆڤن بووە پاڵەوانی خولی هۆڵەندا

PM:05:16:05/05/2024

80 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئایندهۆڤن پێش کۆتایی هاتنی خولی هۆڵەندا بە دوو هەفتە بووە پاڵەوان و ئامارێکی نایابی تۆمارکرد.

ئایندهۆڤن بووە پاڵەوانی خولی هۆڵەندا پێش دوو هەفتە لە کۆتایی هاتنی خولەکە ئەویش پاش ئەوەی توانی بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لە سپارتا رۆتردام بباتەوە و خاڵەکانی بوون بە 87 خاڵ و جیاوازییەکەی لەگەڵ فاینۆردی دووەم کرد بە 12 خاڵ.

یانەکە لەم وەرزەی خولی هۆڵەندا بە ئاستێکی نایابەوە دەرکەوتووە، لە کۆی 32 یاری کە تا ئێستا ئەنجامیداوە خاوەنی 28 بردنەوە و سێ یەکسان و تەنیا یەک شکستە، لەم وەرزەدا لە خولی هۆڵەندا توانیویەتی 107 گۆڵ تۆماربکات، وە تەنیا 19 گۆڵی لێکراوە.

وە لە دوای وەرزی 2017-2018 ئەمە یەکەمجار بوو ئایندهۆڤن بە نازناوی خولی وڵاتەکەی شاد بێتەوە، ئەم نازناوەش 25 نازناوی خولی هۆڵەندا بوو بەدەست بهێنێت لە مێژوودا و لە پلەی دووەم دێت لە دوای ئەیاکس ئەمستردامەوە کە 36 جار بووەتە پاڵەوان.

لە ئێستادا ئایندهۆڤن پاڵەوان بوونی مسۆگەرکردووە و پاش تێپەڕبوونی 32 هەفتە 87 خاڵی هەیە، فاینۆرد لە پلەی دووەم دێت بە 75 خاڵەوە، پلەی سێیەمیش بە ناوی یانەی توێنتیەوەیە کە خاوەنی 63 خاڵە، یانەکانی ئەلکەمار و ئەیاکسیش لە پلەکانی چوارەم و پێنجەم دێن.