خیسۆس و کریسپۆ پێش یارییە چارەنووسسازەکەیان چی دەڵێن؟

PM:10:24:22/04/2024

236 جار خوێندراوەتەوە

+ -

خیسۆس متمانەی بە تیپەکەی هەیە ریمۆنتادا ئەنجامبدەن و کریسپۆش دەڵێت بۆ بردنەوە هاتونەتە ریاز.

پێش روبەڕوبوونەوەی عەینی ئیماراتی لە یاری چوونی قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، خیسۆسی راهێنەری هیلال وتی: ئەمە یەکەمجارە لە یاری گەڕانەوەدا بچینە یاریگا لە کاتێکدا لە پاش یانەی بەرامبەرەوەبین، بەڵام بەڕاستی باوەڕمان بە ڕیمۆنتادا هەیە، هیوادارم بتوانین بە بردنەوە و پێشکەوتن هاندەران دڵخۆش بکەین، پێشتر زۆرجار ڕیمۆنتادام کردووە، هیوادارم ئەم جارەش بتوانین ئەنجامی بدەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان بە باشی یانەی بەرامبەر دەناسن و دەزانن لەم پاڵەوانێتییەدا چ ئاستێکی بەرزیان پێشکشەکردووە، عەین بەرگرییەکی باش دەکات، بەڵام متمانەی بە خۆیان هەیە کە بتوانن قەرەبووی شکستی یاری پێشوویان بکەنەوە.

لەلایەکی تریشەوە، کریسپۆی راهێنەری عەین رایگەیاند، بۆ بردنەوە گەشتی ریازیانکردووە و تەواوی هەوڵی خۆشیان دەدەن، پێشیوایە هیلال پاڵێوراوی نازناوەکەیە بەڵام دەیانەوێت بە پشتیوانی هاندەرانیان شکستیان پێبهێنن.

وتیشی: ئێمە بە وزەیەکی زۆرەوە هاتووین بۆ ئێرە و دەمانەوێت هەموو هەوڵێک بدەین، شانازی بەو شتانە دەکەین کە بەدەستمان هێناوە و بردنەوە لە هیلال بۆ من شتێکی سەرسوڕهێنەر نەبوو، بەڵام هەمووان بە سوپرایز دەیبینن چونکە هیلال ئامادەکاری بۆ بوون بە پاڵەوان کردبوو، لەکاتێکدا ئێمە تەنیا رکابەریمان دەکرد.