کریستیانۆ بە هاتریکێک بردنەوەى بۆ مانچستەر یونایتد بەدەستهێنا

PM:07:06:16/04/2022

1132 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە خولی ئینگلتەرا، مانچستەر یونایتد لە نۆریچ سیتى بردەوە و گەڕایەوە پلەى پێنجەم، ڕۆناڵدۆش هاتریکى تۆمارکرد.

لە هەفتەی 33ی خولی نایابی تۆپى پێى ئینگلتەرا، مانچستەر یونایتد لە یاریگاى ئۆڵد ترافۆرد، میواندارى نۆریچ سیتى کرد و بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ یارییەکەى بردەوە.

هەر سێ گۆڵەکەى مانچستەر یونایتد کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە خولەکەکانى 7 و 32 و 76دا تۆماریکردن و دوو گۆڵەکەى نۆریچ سیتیش لە خولەکەکانى 45 و 52دا لەلایەن کیران دویل و تیمۆ پوکییەوە تۆمارکران.

لە یارییەکانى تردا، ئارسناڵ لە دەرەوەى یاریگاى خۆیدا، بە گۆڵێکى بێ بەرامبەر بە ساوسامپتۆن دۆڕا، برینتفۆردیش بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە واتفۆردى بردەوە.

ئەم ئەنجامانە، شەیتانە سورەکە گەڕایەوە سەر سکەى بردنەوەکان و بە 54 خاڵ و بەکاتى سەرکەوتنى بۆ پلەى پێنجەمى ڕیزبەندى خولەکە بەدەستهێنا و بەجیاوازى سێ خاڵ لە دواى تۆتنهامى پلەى چوارەم و بەجیاوازى گۆڵ لە پێش ئارسناڵى پلەى شەشەمەوەیە، کە ئەم یارییەک کەمترى کردووە.

گ . ف